هاوڕێ کەمال: هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ عێراق لە دەرەوەی چوارچێوەی دەستوور ناکەین

هاوڕێ کەمال، ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی  کوردستان
هاوڕێ کەمال، ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی  کوردستان ڕایدەگەیەنێت: هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ عێراق لە دەرەوەی چوارچێوەی دەستوور ناکەن، سەرباری ئەوەی دەستبەرداری پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و یاسای نەوت و غاز و پڕچەککردنی پێشمەرگە و مافەکانی دیکەی خەڵکی کوردستان نابن.

یەکشەممە 22ـی ئەیلوولی 2024، هاوڕێ کەمال، ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی  کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: وەکو حکوومەتی هەرێمی پابەندین بە دەستوور، ئامادەیی هەموو هەماهەنگییەکین لەچوارچێوەی دەستوور بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان.

گوتی: ئەو  92 ملیار دینارەی ئەمڕۆ دابینکراوە بەپێی یاسای بودجە، لەماددەی 12 بڕگەی (د) دەڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت ڕادەستکردنی داهاتە نا نەوتییەکان بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، یاسای بەڕێوەبردنی دارایی دیاریکردووە کە داهاتە ناوخۆییەکان بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت، سەدا 50ـی داهاتە فیدراڵییەکان دەگەڕێتەوە گەنجینەی فیدراڵی، ئێمەش هەر وامان کردووە.

ئەو ڕاوێژکارە دەشڵێت: بڕیاڕی دادگای فیدراڵی خاڵی مووچەی جیاکردووەتەوە لە خاڵی ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان، چەسپاندوویانە کە مووچە بە هەرێمی کوردستان بدرێت، بەپێی خشتەی (ج) حکوومەتی هەرێمی کوردستان 658 هەزار و 189 فەرمانبەری هەیە، پێویستە حکوومەتی فیدراڵ بێ هیچ کێشەیەک مووچەی ئەو فەرمانبەرانە بنێرێت چونکە لە یاسای بوودجە جێی بۆ کردووەتەوە، بەڵام ئەوان کێشەی بۆ دروست دەکەن.

هاوڕێ کەمال ڕایگەیاند: لێژنە هاوبەشەکان کار بۆ ئەوە دەکەن مووچەی خانەنشینان و پێشمەرگە لەگەڵ بەغدا یەکبخەن و خەڵکی کوردستانیش سوود مەند بێت، گوتی: ئێمە لایەنێکی سەرەکی ئەو حکوومەتەین، ئەوان خێر بە ئێمە ناکەن، ئێمە دامەزرێنەی ئەو وڵاتەین دوای 2003، لەگەڵ ئەوەشدا مووچەی مانگی حەوت و هەشت پارەیان بڕی، شاندی هەردوولا کە دانیشتین و پێداگیری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن تا سەری ساڵ، بۆ ئەوەی چیتر مووچە ناردن دوا نەکەوێت، دەڵێت: شاندەکان بەردەوام دەچنە بەغدا بۆ گفتوگۆ، گوتی:

پرسی مووچە تێکەڵ بە بابەتی سیاسی کراوە، لە کاتێکدا دادگای فیدراڵی و دەستوور و یاسا دیارییان کردووە مووچە وەک خۆی بگاتە خەڵکی کوردستان، بەڵام ئەوان هەر جارە و بە بیانوێک مووچەی خەڵکی کوردستان دوا دەخەن.

گوتی: ئێمە هیچ ڕێککەوتنێک لەدەرەوەی چوارچێوەی دەستوور ناکەین، سازش لەسەر پرسە سەرەکییەکانی دیکە ناکەین لە پرسی ماددەی 140 و زمانی کوردی و یاسای نەوت و غاز و پڕچەککردنی پێشمەرگە، لەگەڵ مووچە و بوودجە هەموو کێشەکان یەک پرسن، پێویستە مافی خەڵکی کوردستان بدەن.

گوتیشی: ژمارەیەکی زۆر کەم فەرمانبەران ماون بایۆمەتریی بکەن، پێمان وایە کێشەی مووچە نامێنێت.