ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق پشتیوانیی لە هەمواری یاسای باری كەسیی کرد
ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق، لەبارەی هەمواری یاسای باری كەسیی كۆبوەوە كۆتایی بە پرسەكە هێنا و پشتیوانیی لە هەموارەكە كردووە و دەڵێت: بیرۆكەی هەموارەكە لەسەر بنەمای مادەی 41 دەستووری هاتووە ، كچ لە خوار تەمەنی یاسایی بەشوو نادرێت. ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ پەرلەمان لێك دەدرێتەوە كە لە ماوەیەكی نزیكدا هەموارەكە پەسند دەكات.
ناڕەزایەتییەكانی لە دژی هەمواری یاسای باری كەسیی لە عێراق، ئەنجوومەنی دادوەریی وڵاتەكەی ناچار كرد كۆتایی بە پرسەكە بهێنێت، هەروەها پشتیوانیی خۆی بۆ هەموارەكە دەربڕی و گوتی: ئەوەی لە مێدیاوە باس دەكرێت ڕاستی تێدا نییە.
هەروەها دووپاتی دەكاتەوە، هەموارەكە سنوورداركردن لە نەفەقە یان لێسەندنەوەی منداڵ لە دایكی، یاخود بێبەشكردنی كچ لە میرات و بەشوودان لە خوارتەمەنی یاسایی تێدا نییە.
ئەنجوومەنی دادوەریی دەڵێت: بیرۆكەی هەموارەكە لەسەر بنەمای مادی 41ی دەستووری عێراق هاتووە كە "عێراقییەكان ئازادن لە پابەندبوون بە باری كەسێتیان بەپێی ئاین و بیروباوەڕ، ئەمەش بە یاسا ڕێك دەخرێت."
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەكە، دەقی هەموارەكە باسی وردەكاری خێزانی لە لایەنی هاوسەرگیری یان جیابوونەوە و بەخێوكردن و نەفەقە نەكردووە، بەڵكو دوای دەرچوونی یاساكە دیوانی وەقفی شیعە و سوننە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی دادوەریی دوای شەش مانگ لە دەرچوونی یاساكە وردەكارییەكان باس دەكرێن.
ئەوە لە كاتێكدایە؛ تا ئێستە شارەزایان و چالاكوانی ئەو هەموارە بە مەترسیدار دادەنێن، چەند پارێزەر و چالاكوانی مەدەنی ڕێكاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر و دوای هەڵوێستی ئەنجوومەنی دادوەری، هەموارەكە لەماوەیەكی نزیكدا لە پەرلەمان پەسند دەكرێت.