کۆریای باشوور هۆشداریی دەداتە کۆریای باکوور

 سوپای کۆریای باشوور سوێندی خواردووە ئەگەر کۆریای باکوور سنوور ببەزێنێت و لە ناردنی باڵۆنی زبڵ و خاشاک بەردەوام بێت یان ئەگەر زیانێکی گەورە بە خەڵکی کۆریای باشوور بگەیەنێت، لە بەرامبەردا ڕێوشوێنی سەربازی "توند" بگرێتەبەر .

سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای کۆریای باشوور لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ ڕۆژی دووشەممە بڵاوی کردەوە، لە وەڵامی دووبارە ناردنی باڵۆنە زبڵ و خاشاکی کۆریای باکوور کە بۆ ئەودیوی سنوورەکان دەنێرێت، لەنێویاندا ئەوانەی بەستراوەتەوە بە کاتەوە و  دەبێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە، ڕێوشوێنی توند دەگرێتە بەر.

لە کۆتایی مانگی ئایارەوە کۆریای باکوور زیاتر لە 22 بۆنەدا نزیکەی پێنج هەزار و 500 باڵۆنی زبڵی هەڵداوە، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو تراکتانەی دژە پیۆنگیانگ کە لەلایەن چالاکوانانی کۆریای باشوورەوە بۆ باکوور نێردراوە.

پیۆنگ یانگ لە دوایین ئۆپەراسیۆنی لە ئێوارەی دوێنێ یەکشەممەوە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ نزیکەی 120 باڵۆنی ناردووە.

سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای کۆریای باشوور، لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە، هەرچەندە ڕەنگە کێشە و گرفت بەهۆی باڵۆنە زبڵەکانی کۆریای باکوورەوە دروستبێت، بەڵام ئەو هەنگاوەی دەیکات هیچ شتێک نییە دوژمن بتوانێت بەدەستی بهێنێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: ئەگەر مەترسییەکی ڕژد لەسەر سەلامەتی هاووڵاتییانمان هەبێت یان ئەگەر هەڵسەنگێندرا کە باکوور سنوورەکانی تێپەڕاندووە، سوپاکەمان ڕێوشوێنی سەربازی توند دەگرێتەبەر.

بەپێچەوانەی ئەو بۆچوونانەی کە داوای  خستنەخوارەوەی باڵۆنەکان دەکەن، سوپای کۆریای باشوور ئەو کارەی ڕەت کردووەتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم ڕێوشوێنانە ڕەنگە کێشەی گەورەتر بۆ سەلامەتی هاووڵاتییان دروست بکەن.

لە کاردانەوەی هەڵدانی باڵۆنەکان، سوپای باشوور لە 21ی تەمموزەوە ڕۆژانە لە ڕێگەی بڵندگۆکانەوە لەسەر سنوورەکان پڕوپاگەندەی دژە کۆریای باکوور بڵاو دەکاتەوە.