ئیسرائیل داوا لە دانیشتووانی باشووری لوبنان دەکات لە ناوچەکانی شەڕ دوور بکەونەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، سوپای ئیسرائیل داوای لە دانیشتوانی لوبنان کرد لە پێگەکانی حزبوڵڵا دووربکەونەوە و هەڕەشەی دەستپێکردنی هێرشێکی چڕ و وردتری کرد.
دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئامۆژگاری هاووڵاتیانی مەدەنی لە باشووری لوبنان دەکەین، کە دەکەونە ناو باڵەخانە یان نزیک باڵەخانە و ئەو ناوچانەی حزبوڵڵا بۆ مەبەستی سەربازی بەکاری دەهێنن، دەستبەجێ لەو شوێنانە دووربکەونەوە بۆ سەلامەتی خۆیان".
گوتەبێژەکە جەختی لەوە کردەوە کە "سوپای ئیسرائیل هەڵمەتێکی چڕتر و وردتر لە دژی ئەو ئامانجە تیرۆریستیانە دەست پێ دەکات، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سەرتاسەری لوبناندان".
بەگوێرەی هەواڵی نیشتمانی فەرمی لوبنان، ئیسرائیل دەیان هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانی باشووری وڵاتەکەیان کە هاوسنوورن لەگەڵ ئیسرائیل.
هاگاری گوتیشی: ئیسرائیل لە داهاتوویەکی نزیکدا بەردەوام دەبێت لە هێرشەکانی، هەروەها ئیسرائیل و حزبوڵڵا، لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردووەوە بۆردومانی سنووری یەکتر دەکەن، ئەمەش لە ئەنجامی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسە کە لە کەرتی غەززە.
حزبوڵڵا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زنجیرەیەک هێرشی کرایە سەر، لەوانە تەقاندنەوەی هەزاران ئامێری پەیوەندیی پەیجەر و هێرشی ئاسمانی لە نزیک بەیروت کە لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی ئەو گرووپەی دا و لە ئەنجامدا نزیکەی 50 کەس کوژران.