بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبانی دهۆک: لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا 207 پرۆژەی ڕێگەوبان کراوە

بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبانی دهۆک ڕایگەیاند، لە دەستپێکی کابینەی نۆیەمەوە تاکوو ئێستە 207 پرۆژە، بە گوژمەی 378 ملیار دینار جێبەجێ کراون.
سێشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2024، شێرزاد قادر، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبانی دهۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەبارەت بە ڕێگەی گەلی ڕێکان کە درێژییەکەی 14 کیلۆمەترە، بە گوژمەی 20 ملیار دینار، ئەگەر هیچ ئاستەنگێکمان بۆ دروست نەبێت هەوڵدەدەین ئەمساڵ بەزووترین کات جێبەجێ بکرێت.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: پرۆژەکە گرنگە، هەرچەندە ساڵی ڕابردوو تەواو نەکرا بەهۆی بوونی هەندێک کاریگەریی سروشتی، بەڵام ئێستە ئێمە بۆ ئەو ڕێگەیە پردێکی ئاسنینمان داناوە هەردوو ڕێگەی هەولێر و دهۆک کە بەیەکەوە دەبەستێتەوە و درێژییەکەی 45 مەترە، لە نزیکیترین کاتیشدا هەوڵدەدەین ڕێگەکە تەواو بکەین.
دەشڵێت: ماوەی پڕۆژەکە ساڵێکە، هەوڵ دەدەین بەر لە وادەی خۆی تەواوی بکەین.
ڕاشیگەیاند "ئەو پرۆژانەی لە کابینەی نۆیەم تا ئێستە کراوە 207 پرۆژەن، بە گوژمەی 378 ملیار دینار جێبەجێ کراون. چەندان پرۆژەی ستراتیجی دیکەش بۆ گوند و شار و شارۆچکەکان لە قۆناغی جێبەجێ کردندان، هەر بەڕێوەبەرایەتییەکیش کاری خۆی دەکات".