هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتووه‌ته 650 هه‌زار به‌رمیل
داهاتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆ 630 ملیۆن دۆلار به‌رزده‌كرێته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
دوای رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا، هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیادیكرد، به‌جۆرێك له یه‌ك رۆژدا زیاتر له شه‌ش سه‌د و په‌نجا هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ره‌وانه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهان كراوه.
به‌گوێره‌ی ئاژانسی رۆیته‌رز، دوای ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا, له‌سه‌ر هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی كه‌ركووك له رێی هه‌رێمی كوردستانه‌وه, رێككه‌وتن، هه‌نارده‌ی نه‌وتی رۆژانه بۆ 650 هه‌زار به‌رمیل به‌رزبووه‌ته‌وه، له‌كاتێكدا له مانگی ئابدا، ئه‌و هه‌ناردنه ته‌نها چوارسه‌د هه‌زار به‌رمیل بووه.
به‌و بڕه نه‌وته‌ی ئیستاش، ئه‌گه‌ر به‌هه‌مان نرخی مانگی رابردوو بفرۆشرێت كه 32 دۆلار و 44 سه‌نته، ئه‌وه پێشبینی ده‌كرێت داهاتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌م مانگه‌دا بۆ سه‌روی 630 ملیۆن دۆلار به‌رزببێته‌وه.
له چه‌ند رۆژی رابردووش‌دا جارێكی دیكه، هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د كه‌سی یه‌كه‌می باڵی ده‌ستڕۆیشتووی یه‌كێتی، نامه‌یه‌كی بۆ حه‌یده‌ر عه‌بادی ناردووه و مۆڵه‌تی 5 رۆژی داوه‌ته‌وه به‌غدا بۆ راگرتنی هه‌ناردنی نه‌وتی كه‌ركوك له رێی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌شی كردووه كه ئه‌گه‌ر هه‌نارده‌ی نه‌وت له رێی بۆری نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانه‌وه رانه‌گیرێت "ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستیان بێت ده‌یكه‌ن".
ئه‌مه له كاتێكدایه، له مانگی ئازاردا، به‌غدا هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركووكی له رێی بۆری نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانه‌وه راگرت، ميديا عه‌ره‌بییه‌كانیش بڵاویانكرده‌وه كه ئه‌و بڕینه له‌سه‌ر داوای هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بووه.