نوێترین زانیاری لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
K24 – هەولێر:
ڕۆژی 25ـی ئەیلوولی 2024 بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێدەکات تاوەکو 15ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت، هەروەها هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 20ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ بەڕێوە دەچێت و ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لیستی ناوی کاندیدانی پەسەند کرد کە ژمارەیان 1191 کەسە.
سێشەممە 24ـی ئەیلوولی 2024 جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بۆ دەنگدانی گشتی ژمارەی ناوەندەکانی تۆمارکردنی دەنگدانی گشتی بریتییە لە 173 ناوەند لە هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان (هەولێر،سلێمانی،دهۆک و هەڵەبجە)، هەروەها ژمارەی بنکەکانی دەنگدان برتییە لە 1266 بنکە و ژمارەی وێستگەکانیش 6318 وێستگەیە.
غەلای لەبارەی دەنگدانی تایبەت، ئاماژەی بەوە دا، ژمارەی بنکەکانی دەنگدان لە پارێزگەکانی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق بریتییە لە 165 بنکەی دەنگدان، هەروەها ژمارەی وێستگەکانیش بریتییە لە 749 وێستگە.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، زانیاری لەبارەی دەنگدانی کەسایەتییە گرنگەکان (vip) بڵاو کردەوە و گوتی: بۆ کەسایەتییە گرنگەکان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک 3 بنکەی دەنگدان دادەنرێت، هەروەها ژمارەی وێستگەکانیش 3 وێستگە دەبێت.
کۆمیسیۆن لیستی کاندیدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد
ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی خۆیدا لیستی ناوی کاندیدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد کە ژمارەیان 1191 کەسە.
لیستی ناوەکانیش؛ بە ناوی 1- ئازاد ئەکرەم بەهرام محەممەد دەست پێدەکات و بە ناوی 1191- وەلید عەلی سلێمان حوسێن، کۆتایی دێت.
وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری کرا
دوای ئەوەی لیستی ناوی کاندیدان پەسەند کرا، کۆمیسیۆن وادەی بناگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ڕاگەیاند، کە سبەی چوارشەممە 25ـی ئەیلوول دەست پێدەکات و تاوەکوو 15ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت.
لەم بارەیەوە جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: بانگەشە بە شێوەیەکی ئازادانە بەڕێوە دەچێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئادابەکان بە شێوەیەکی گشتیی، هاوکات هەماهەنگییەکی باش دەکرێت، لەگەڵ دامودەزگای شارەوانیی پارێزگاکان.
ئاماژەی بەوە دا، لەبارەی هەڵواسینی پۆستەری کاندیدان ڕێنمایی لەو بارەیەوە دراوە، دەتوانین بڵێین بانگەشی هەڵبژاردن دەستی پێ کردووە و لەو بارەیەوە لابردنی وێنە و پۆستەرەکان لەسەر ئەرکی کاندیدەکان دەبێت، هەروەها بانگەشەی تایبەت لەلایەن کۆمیسیۆنەوە ناکرێت بۆ قۆرخکردنی ئامرازی دیکە.
وەزارەتی شارەوانی ڕێنماییەکانی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاو کردەوە
یەکشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2024 وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕێنماییەکانی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بڵاو کردەوە و داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات پێیەوە پابەند بن.
ڕێنماییەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار:
1- ڕێگە نادرێت لایەنە سیاسییەکان وێنە و پۆستەری کاندید و حزبەکانیان لەسەر دیوار، ستوون و بەربەستە گشتییەکان بە بزمار، سیکۆتین و لەزگە هەڵبواسن.
2- ڕێگە نادرێت بە دانانی وێنە و پۆستەر لەسەر سەوزایی ناو پارکەکان بە هەرشێوەیەک بێت.
3- ڕێگە نادرێت بە بەکارهێنانی قوم، چیمەنتۆ و بلۆک بۆ ڕاگرتنی تابلۆ و کەرەستەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
4- ڕێگە نادرێت بە هەڵواسینی تابلۆ و پۆستەر لەسەر هێماکانی هاتوچۆ.
5- ڕێگە نادرێت شوێنەوار و ناوچە شوێنەوارییەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکار بهێنرێن.
6- ڕێگە نادرێت پۆستەری کاندیدان لەسەر دیواری فەرمانگە حکوومییەکان، مزگەوت، زانکۆ و قوتابخانەکان هەڵبواسرێت.
7- هەر شارەوانییەک سەرباری ئەو ڕێنماییانە، دەتوانێت ڕێنمایی تایبەت بەخۆی بۆ بەرژەوەندیی موڵکی گشتی و پاراستنی پاک‌وخاوێنی دەر بکات.
8- لە دوای تەواوبوونی بانگەشە، هەر کاندیدێک بەرپرسیارە لە لێکردنەوە و پاککردنەوەی وێنەکانی.
9- ئەگەر کاندیدێک پابەند نەبێت، ئەوا پۆستەرەکانی لە لایەن تیمی شارەوانی لا دەبردرێن و دووچاری سزای یاسایی دەبێتەوە.
ڕاگەیەندراوی لێژنەى ئەمنى پارێزگاى هەولێر لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردن
یەکشەممە 22ـی ئەیلوولی 2024 لێژنەى ئەمنىی پارێزگاى هەولێر بەسەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر، بە ئامانجى فه‌راهه‌مكردن و ده‌سته‌به‌ركردنى ئازادى بۆ هه‌موو لایه‌نه سیاسیه‌كان به‌بێ جیاوازى و پارێزگاریكردن له كاندیدان و پاراستنى ئارامى و پاك ڕاگرتنى شار و به‌ڕێوه‌چوونى ماوه‌ى دیاریكراوى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌سه‌ركه‌وتوویى کۆ بووەوە
لە کۆبوونەوەکە گەیشتنە ئەو بڕیارانەى لاى خوارەوە:
1- نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن به كاروانى زۆرى ئۆتۆمبێل له شه‌قامه گشتییه‌كان بكرێت، كه ببێته هۆى دروستكردنى ئاسته‌نگ له ڕێگاى هاتووچۆى خەڵک، هه‌روه‌ها نابێت ئامێرى بێزاركه‌ر به‌كاربهێنرێت كه ببێته هۆى ناڕه‌حه‌تى هاوڵاتییان.
2- نابێت وێنه و پۆسته‌ر و دروشمى كاندیدان له‌و شوێنانه‌ى كه ڕێگه دراوه، به ماده‌یى لێكده‌ر وه‌ك (له‌زگه یان غه‌ره) لێبدرێت، به‌ڵكو ده‌بێت هه‌ڵبواسرێت، یان له‌سه‌ر ستاند له شوێنیك دابنرێت كه ڕێگا نه‌گرێت، هەروەها بەکارهێنانى قوم، لم ، چیمەنتۆ بۆ ڕاگرتنى دروشم و پۆستەر و وێنەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
3- نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له چوار ڕێییان و ترافیك لایته‌كان وێنه و پۆسته‌ر و دروشمى كاندیدان لێبدرێت.
4- به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت وێنه و پۆسته‌رى كاندیدان له فه‌رمانگه حكومیه‌كان، نه‌خۆشخانه، قوتابخانه‌كان، هتد .. بدرێت.
5- به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت پۆسته‌ر و دروشمه‌كانى تایبه‌ت به بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر دیوار و شوێنه گشتییه‌كان وه‌ك (مزگه‌وت، كلێساكان، شوێنه پیرۆزه ئاینیه‌كان و شوێنە کەلتوورى و مێژووییەکان) هه‌ڵبواسرێت.
6- نابێت پارك و باخچه گشتییه‌كان بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن بەکاربهێنرێت.
7- به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت وێنه و تابلۆى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن له (قه‌دى داره‌كان، دورگه‌ى ناوه‌ندیی شەقامەکان) دابنرێت و وێنه و دروشمى کاندیدان له دارى باخچه و پاركه‌كان بدرێت.
8- له‌كاتى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن نابێت ئۆتۆمبێلى (میرى) حكومى به‌كاربهێنرێت.
9- به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه پێدار و نییه ڕسته‌ى ئاڵاى لایه‌نه سیاسیه‌كان به‌ستوونى ڕۆناككه‌ره‌وه‌ى شه‌قامه‌كان و هێماکانى هاتووچۆ لە ناوشار و دەرەوەى شار و بەردەم کامێراکانى چاودێرى هه‌ڵبواسرێت.
10- له‌هه‌ره حاڵه‌تێكى سه‌رپێچى پاش دیكۆمێنتكردن، به هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردن پێبژاردن بۆ كاندیدان و لایه‌نه‌كان ده‌كرێت.
11- له ڕۆژى هه‌ڵبژاردن ژوورى عه‌مه‌لیات له پارێزگاى هه‌ولێر به به‌شدارى نوێنه‌رى سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسیه‌كان ده‌بێت، له ده‌ستپێكردنى پڕۆسه‌ى ده‌نگدان تا كۆتایى هاتنى پڕۆسه‌كه، هه‌ر سه‌رپێچیه‌ك له بنكه‌كانى هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبدرێت ئاگادارى ژوورى عه‌مه‌لیاتى پارێزگاى هه‌ولێر ده‌كرێته‌وه، پاشان له‌گه‌ڵ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.
12- بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ر گردبوونه‌وه‌یه‌كى جه‌ماوه‌رى به مه‌به‌ستى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن، له پێناو پاراستنى ئاسایشى شاره‌كه‌مان و گربوونه‌وه جه‌ماوه‌ریه‌كه، ده‌بێت ڕه‌زامه‌ندى لیژنه‌ى ئه‌منى پارێزگاى هه‌ولێر وه‌ربگیرێت.
13- هەر بەربژێرێک پابەند نەبێت بە ڕێنماییەکان، پۆستەر و بانگهێشتەکەى لەلایەن تیمەکانى شارەوانى لادەدرێت و کاردانەوەى یاسایی لەگەڵ دەکرێت.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
ڕۆژی 26ـی حوزەیرانی 2024 دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکی هەرێمیدا، ڕۆژی (20ـی تشرینی یەکەمی 2024) بۆ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە.
پێشتریش لە ڕۆژی (3ـی ئاداری 2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا، وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد کە رۆژی (10ـی حوزەیرانی 2024) بەڕێوە دەچێت. بەڵام لەبەر تێبینییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕەتکردنەوەی بەشداریی لە هەڵبژاردنێک کە دیزاینی پێشوەختەی بۆ کرابێت و گۆڕانکاری لە بەشێک ئەو کەموکوڕییانەی هەبوو بە گەڕانەوەی بەشێک لە مافی پێکهاتەکان، جارێکی دیکە کۆمیسیۆن داوای وادەیەکی نوێی کرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دوو ملیۆن 899 هەزار و 578 کەس لە هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، کە دوو ملیۆن و 683 هەزار و 618 دەنگدەری گشتیین و 215 هەزار و 960 دەنگدەری تایبەتن.
دابەشکاریی ژمارەی کورسییە گشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:
1- هەولێر: 32 کورسی
2- سلێمانی: 36 کورسی
3- دهۆک: 24 کورسی
4- هەڵەبجە: سێ کورسی
کۆی گشتی: 95 کورسی
دابەشکاریی ژمارەی کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:
1- هەولێر: دوو کورسی
2- سلێمانی: دوو کورسی
3- دهۆک: یەک کورسی
4- هەڵەبجە: سفر کورسی
کۆی گشتی: 5 کورسی
لایەنەکان بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، 22 لایەنی سیاسی و دوو هاوپەیمانێتی لەگەڵ نزیکەی 75 کاندید کە بەشێوەی تاک بۆ کورسیی گشتی و کورسیی کۆتای پێکهاتەکان خۆیان کاندید کردووە.
لە لایەنە سیاسییەکانیش کە لە کۆمیسیۆن تۆمارکراون و ڕایانگەیاندووە بە لیستی خۆیان بەشداری دەکەن، لەوانە (پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، نەوەی نوێ، بەرەی گەل، ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی، هاوپەیمانیی نیشتمانی، بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامیی لە کوردستان و بەرەی تورکمانی).
هاوکات، هەریەکە لە لایەنەکانی (حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، حزبی شیوعی کوردستان و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان) هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستانیان ڕاگەیاندووە بۆ چوونە پێشبڕکێی هەڵبژاردن.
هاوپەیمانی سەردەمیش کە لە پارتی پارێزگارانی كوردستان، پارتی كرێكاران و ڕەنجدەرانی كوردستان و یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆکایەتی عەبدوڵلای حاجی مەحموود خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادە کردووە.