پێشەوا هەورامانی: کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەشێوەیەکی ڕيشەیی چارە دەکرێت
K24 – هەولێر:
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، شاندی پەرلەمانی عێراق دووپاتی کردووە، کە ئەوان نوێنەری هەرێمی کوردستانیش دەبن ئامادەیی خۆشیان دەربڕیوە لەو چوارچێوەیەدا کێشەی مووچە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ڕیشەیی چارە بکرێت.
25ـی ئەیلوولی 2024، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی گوت: سەرۆکوەزیران بە لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی ڕاگەیاندووە، کە دەبووایە گەلی کوردستان قەرەبووی هەموو ئەو زیانانە بکرێتەوە کە بە هۆی کۆمەڵکوژی و وێرانکاریی لە دەیەکانی ڕابردوو بەسەریدا هێنراون .
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت بە لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی ڕاگەیاندووە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییە یاسایی و دەستوورییەکانی بەزیادەوە جێبەجێ کردووە. دەبووایە حکوومەتی عێراق تاوەکو ئێستە، قەرەبووی ئەو زیانانەی خەڵک و هەریمی کوردستان بکاتەوە کە لە دەیەکانی ڕابردوودا بەهۆی سیاسەتی ڕژێمی لەناوچوو تووشی کۆمەڵکوژی و وێرانکاری ناوچەکانی بووەتەوە.
هەورامانی لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، کە سەرۆکوەزیران بە لێژنەکەشی ڕاگەیاندووە، ئەم ساڵ حکوومەتی عێراق یەک ملیۆن کەسی دامەزراندووە هەرێمی کوردستانیش هەمان مافی دامەزراندنی هەیە و بەپێویستیشی زانیووە یاسای نەوت و غاز دەربکرێت.
هاوکات ئاماژەی بەوە کردووە، شاندی پەرلەمانی عێراق وێرای دڵخۆشی خۆیان بەم کرانەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیان کردووەتەوە کە ئەوان نوێنەری هەرێمی کوردستانیش دەبن ئامادەیی خۆشیان دەربڕیوە لەو چوارچێوەیەدا کێشەی مووچە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بنبڕ چارە بکەن و کار بکەن بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی دەستووردا کار لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت بکەن لەسەر پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان و هەرێم بەشێک بێت لە رێککەوتنەکان.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: لە کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران لەگەڵ شاندی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، جەخت لەوە کراوەتەوە کە هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر حکوومەتی فیدڕاڵ جێبەجێ کردووە. هەروەها سەرۆکوەزیران داواشی کردووە پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجی سیادی بۆ هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت کە تاوە ئێستا ئەم مافە بە هەرێم نەدراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی ئەیلوولی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆ بووەوە.
سەرۆکی حکوومەت وێڕای بەخێرهێنانی شاندەکە، ئاماژەی بە گرنگی سەردانەکە کرد و هیوای خواست، ببێتە هۆی زیاتر ڕوونکردنەوەی پرس و بابەتە پەیوەندیدارەکانی ماف و شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان و چارەکردنی کێشەکان.
مەسرور بارزانی هێمای بۆ ئەوە کرد، کە نابێت مووچە و شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو کارتێکی سیاسی و فشار بەکاربهێنرێت، بۆیە پێوستە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق، ماف و شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان بەبێ هیچ ئاستەنگ و گرفتێک بدرێت و هەروەها لە دامەزراندنی فەرمانبەرانی نوێ، پێویستە هەرێمی کوردستانیش وەک هەموو بەشەکانی دیکەی عێراق، بە پێی یاسای بودجەی فیدراڵ، مافی دامەزراندنی فەرمانبەرانی نوێی هەبێت.