بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هاووڵاتیان 'پاقر' دەکڕن

بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بەشێک لە هاووڵاتیان ڕوویان لە کڕینی ئەو خشڵ و بابەتە جوانکارییانە کردووە کە لە هەندێک ناوچە پێیان دەوترێت (تەنەکەی زەرد) و لە هەندێ شوێنیش پێیان دەگوترێت (پاقر).

بازاری قەیسەری هەولێرە، جمەی دێت لە کڕیار، کە سەیری ئەم خشڵانە دەکەیت، لە ڕواڵەتدا هیچ جیاوازییەک نابینی  جیاوازیەک  لەگەڵ زێڕ، بەڵام هیچ یەک لەمانە زێڕ نین و نرخەکەشیان زۆر هەرزانە. بە گوتەی فرۆشیاران بەشێکیان  ئاوزێر کراون و بە نرخێکی گونجاو بە خانمانی دەفرۆشن و داخوازیشی زۆر لە سەرە، ئەمانە بەرهەمی وڵاتانی چین و هیندستانن.  دیاری، پێنج ساڵە بابەتی خۆڕازاندنەوە و جوانکاریی خانمان دەفرۆشێت، ئەو جۆرەی باسی دەکات و پارچەیەک لەو پاقرانە نیشان دەدات ڕێک هاوشیوەی زێرە و لەم کاتە کە نرخی زێر بەرزە خانمان  زیاتر ڕوویان تێ کردوە وبەکاری دەهێنن.

دیاری بەختیار، دوکاندار بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەندێک کەس توانای داراییان کەمە، دێن ئەو بابەتانەی ئاوزێڕە دەکڕن، ئێستا داواکاریی زۆری لەسەرە، هەروەها خەڵک هەیە بە دیاری بۆ دەرەوەی وڵات دەنێرێت، دەشڵێت: کڕیارم هەیە ڕۆژانە دێن ئەو بابەتانە دەکڕن.

هەرلە ناو بازاری هەولیر،  لە بەشی بازاری زێڕنگەران کەمتر کڕیاری تێدا دەبینرێت، چەندین مانگە نرخی ئەم کانزا گرانبەهایە بەرز بووەتەوە، ئەوانەی زەماوەند دەکەن، کڕیاری سەرەکین، زێرنگەرێک  چەند جۆرێک زێری لە بەر دەستە کە پێشنیاز دەکات هاووڵاتیان بیکڕن ، ئەم زیڕنگەرە دەڵێت: كەسی واھەبووە ھاتووە بە كڕینی زێڕێكی كەمیش زەماوەندی كردووە.

فایەق فەهد، زێرنگەر دەڵێت:  ئەوانەی سەرمایەدار و بازرگانن، پارەکانیان نیوەی دەکەن زێڕ و نیوەکەی دیکەش هەڵدەگرن، دەشڵێت: هاوسەر هەبوونە هاتوون تەنیا پێنج مسقاڵ زێڕیان کڕیووە، بەڵام پێشتر دەهاتن 40 تا 50 مسقاڵ زێڕیان دەکڕی.

کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر بە کوردستان24ـی گوت: ماوەیەک بوو نرخی دۆلار جێگیر بوو، بەڵام لەو چەند ڕۆژە بەهۆی تێکچوونی دۆخی لوبنان و ئیسرائیل خەڵکی عێراق ترساون؛ ئێستا نرخی 100 دۆلاری ئەمەریکایی بەرانبەر بە 151 هەزار و 250 دینارە، دەشڵێت: ئەمڕۆ پێنجشەممە، بانکی ناوەندی 251 ملیۆن دۆلاری خستووەتە بازاڕ کە 241 ملیۆن بەشێوەی حەواڵەیە 10 ملیۆن و 400 هەزار دۆلاریش بەشێوەی کاش بووە.