لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا وەبەرهێنانی کشتوکاڵ لەسەدا 1 بۆ سەدا 8 بەرزبووەتەوە

وەکو هەموو کەرتەکانی دیکە لەپێنج ساڵی ڕابردوودا حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام کاری لەسەر بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک کردووە، لەو چوارچێوەیەشدا پڕۆژەی دروستکردنی سایلۆی لەچەندین ناوچەی کوردستان جێبەجێکردووە.

ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆرترین کاری لەسەر بەهێزکردنی ژێرخانی خۆراک و پیشەسازی و پشتیوانیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی کردووە، هەر لەو چوارچێوەیەدا پڕۆژەی دروستکردنی سایلۆ و کۆگای ساردکەرەوەی لە چەند ناوچەیەک جێبەجێکردووە و مۆڵەتی بەژمارەیەکی بەرفراوان  کۆمپانیا و کارگە و دروستکردنی خانووی پلاستیکی داوە.

لە پارێزگای هەولێر بە گوژمەی 21 ملیار دینار پڕۆژەی دروستکردنی سایلۆی قوشتەپە  جێبەجێکراوە کە توانای کۆگاکردنی 40.000 تۆن گەنمی هەیە، هەروەها پڕۆژەی دروستکردنی سایلۆ لە کەلار، لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەگوژمەی 20 ملیار دینار جێبەجێکراوە کە توانای کۆگاکردنی 40.000 تۆن گەنمی هەیە، هەروەها پڕۆژەی دروستکردنی سایلۆ لە رۆڤیا لەسنووری پارێزگای دهۆک بە گوژمەی 18 ملیار دینار جێبەجێکراوە، کە توانای کۆگاکردنی 40.000 تۆن گەنمی هەیە، ئەمە جگە لەوەی سایلۆیەک بەگوژمەی 26 ملیار دینار لە هەڵەبجە لە قۆناغی جێبەجێکردندایە کە ئەویش توانای کۆگاکردنی 40.000 تۆن گەنمی هەیە.

هەروەها لەماوەی ئەو پێنج ساڵەی ڕابردوودا 977 مۆڵەتی کارکردن بە کارگەکان دراوە، کە ژمارەی کارگە مۆڵەتپێدراوەکان گەیشتووەتە 4.547 کارگە، هەروەها ئێستا 7.227 کۆمپانیای خۆماڵی و 216 لقی کۆمپانیاکانی بیانی و 358 لقی کۆمپانیاکانی بەغدا لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، کە سەرجەمیان لە 7.801 کۆمپانیا پێکهاتوون، هەروەها لە پێنج ساڵی ڕابردوودا 30.000 خانووی پلاستیکی دروستکراون کە 3.813 جووتیار لێی سوودمەند بوون، 6.000 کارگەی بەرهەمەکانی پەتاتە، 11 کارگەی جۆراوجۆر بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەکارخراون، ئەمە جگە لەوەی 101 کۆگای ساردکەرەوە دروستکراون، کە بەم هەنگاوانە وەبەرهێنانی کشتوکاڵی لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابروودا لە 1.8%  بۆ 8% بەرزبووەتەوەو ئێستا هەرێمی کوردستان بەرهەمەکانی: برنج، سماق، تەحین، هەنار، هەنگوین، سێو، پەتاتە، هەناردەی وڵاتی ئیمارات و بازاڕەکانی کەنداو و ئەوروپا دەکات.