هەڵوێستی ئێران لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت
هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند، ئەو هێرشەی کە ئیسرائیل کردووەیەتی سەر باشووری بەیرووت بە بۆمبی ئەمەریکی ئەنجام دراوە و ئەمەش پێشێلکردنی یاسا نێدەوڵەتییەکانە.

هەینی 27ـی ئەیلوولی 2024 سوپای ئیسرائیل بە چڕی باشووری بەیرووتی بۆردومان کرد و ئامانج لە بۆردومانەکەش کووشتنی حەسەن نەسوڵڵا بووە، کە تا ئێستا نازاندرێت کوژراوە یان نا.

وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ڕایگەیاند، دوو کەس بەهۆی هێرشەکەی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت کوژران و 76 کەسی دیکە بریندرار بوونە. وەزارەتەکە پێشبینی کردووە کە لە ئەنجامی لابردنی داروپەردووی باڵەخانەکان ژمارەی قوربانییەکان بەرز بێتەوە.

لەم بارەیەوە، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت بە بۆمبی ئەمەریکی ئەنجامدراوە و ئەمەش پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

کەنعانی، جەختی لەوەش کردەوە، بەردەوامبوونی تاوانەکانی ئیسرائیل ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە بانگەوازی ئاگربەست لەلایەن ئەمەریکاوە تەنیا بۆ کات کوشتن بوو.

لای خۆیەوە محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، گەلی ئازیزی لوبنان و فەڵەستین بە تایبەتی حزبوڵڵا دەبێت ئەوە بزانن کە تا دوا سات پشتیوان و هاوکارتان دەبین لە دژی ستەمی ئیسرائیل، هەروەها دەبێت حزبوڵڵا ئەوە بزانێت کە شان بە شانی ئەوان لە بەرەکانی جەنگ دەبین.

له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌ ئیسرائیل ڕایگه‌یاند، چه‌قی قورسایی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانیان له‌ باكووره‌وه‌ به‌ره‌و سنووره‌كانی لوبنان گواستووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌زاران ئاواره‌ خۆش بكه‌ن تا بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانیان كه‌ به‌ هۆی هێرشی حزبوڵڵاوه‌ ناوچه‌كانیان بەجێهێشتووه‌.

هێزەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووەوە، هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان دەست پێ کرد، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 500 کەس کوژراون و نزیکەی 1700 کەسیش بریندار بوون.