ڤاڵا فەرید: دیدگای پارتی ئەوەیە ئافرەتان لە ناوەندەکانی بڕیار بەشدار بن

ڤاڵا فەرید
ڤاڵا فەرید

ڤاڵا فەرید، کاندیدی ژمارە یەک و سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە بازنەی هەولێر دەڵێت، دیدگای پارتی بۆ ئافرەتان ئەوەیە، بەشداربن لە ناوەندەکانی بڕیار و هەموو ئەو بەربەستانەش بشکێنێت کە دەبنە هۆی بێبەشکردنی ئافرەتان لە سەرکردایەتی کردن.

شەممە 28ـی ئەیلوولی 2024، ڤاڵا فەرید، کاندیدی ژمارە یەکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە بازنەی هەولێر بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد،  دیدگای پارتی بۆ بەشداریی ئافرەتان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی  کوردستان دیدگایەکی ڕوونە لەوەی ئافرەتان بەشداربن لە ناوەندی بڕیار، دەڵێت: پارتی کار دەکات بۆ نەهێشتنی ئەو بەربەستانەی بوونەتە مایەی بێبەشکردنی ئافرەتان لە سەرکردایەتی کردن.

ڤاڵا فەرید پێی وابوو کە، دەستنیشانکردنی ئافرەتان بۆ سەرۆکی لیست و سەرۆکی پەرلەمان لەلای پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکەم پارت بووە  لە هەرێمی کوردستان و مێژووی عێراق کە ئافرەتی کردەوە سەرۆکی پەرلەمان، هاوکات یەکەم پارتیش بووە ئافرەتی کردووە بە سەرۆکی لیست، دروشمەکانی پارتی بەکردارەکی جێبەجێ دەکرێن، تەنها قسە نین.

دەشڵێت: ئەوەی پێگەی ئافرەت دەباتە پێش، زیاتر تیشک خستنە سەر ئەوەی، ئەو ئافرەتانەی کە لێهاتوو و خاوەن ئەزموونن، بەو لێهاتوویەی کە هەیانە بۆ ئەو شوێنەی کە دەیگرێت، زمان پاک و دەست پاک بێت، بۆ ئەوەی ببێتە جێگەی ڕەزامەندی تەواوی خەڵکی کوردستان.

ڤاڵا فەرید گوتی: ئەو پەرلەمانتارانەی سەردەکەون، پێویستە تیشک بخەنە سەر ئەدای پەرلەمان، چونکە پەرلەمان دوو ئەرکی هەیە کە یاسا دانان و ئەوەی دیکەشیان چاودێریی کردنی کارەکانی دەسەڵاتی ڕاپەڕاندنە،   ئەگەر پەرلەمانتار سەرکەوتوو بوو لە جێبەجێکردنی ئەو ئەدایە، ئەوە شکۆ بۆ پەرلەمان دەگەڕێنێتەوە، خۆشی دوور بخا لە تەوژمی پۆپۆلیستی.

ڤاڵا فەرید ئاماژەی بەوە کرد کە پارتی دیموکراتی کوردستان گرنگیی بە پسپۆریی داوە لە هەڵبژاردنی کاندیدان بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بەتایبەت ئەوانەی کە لە پەرلەمان پێویستن، هەر کاندیدێک پێویستە لە لێژنەکانی پەرلەمان سوودیان لێوەربگیرێت.

دەشڵێت: ناوزڕاندن و هێرشکردنی ناڕەوا بۆسەر کاندیدان بەگشتی و ئافرەتان بەتایبەتی لە بانگەشەی هەڵبژاردن دەبێت، گوتی: پێویستە کێبڕکێکان شەرعی بن و باس لە کار و کارامەیی و بڕوانامەکانی خۆیان بکەن کاندیدان، نەوەک شکاندنی یەکتر، چونکە دەنگ لەڕێگەی شکاندنی یەکتر بەدەست ناێیت، کاندیدانی پارتی پشتیوانیان بە کارامەیی و لێهاتوویی و بڕوانامەکانی خۆیان هەیە بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان و بەدەستهێنانی متمانەیان.

بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە بچێت.

بە گوێرەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدان، کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم هەڵبژاردنە، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەرە، کە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن.