بایدن: نەسروڵڵا دەستی بە خوێنی سەدان ئەمەریکی سوور بوو

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

سەرۆکی ئەمەریکا، دەڵێت: ئەمەریکا بە تەواوی پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە بەرامبەر حزبوڵڵا، حەماس، حوسییەکان و هەر گرووپێکی دیکە.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، کووشتنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان کارێکی دادپەروەرانە بوو، چونکە ئەو دەستی بە خوێنی سەدان ئەمەریکی سوور بوو.

سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، "ئەمەریکا بە تەواوی پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە بەرامبەر حزبوڵڵا، حەماس، حوسییەکان و هەر گرووپێکی دیکە".

جەختی لەوەش کردەوە، هەوڵ دەدەین گرژییەکان لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە کەم بکەیەنەوە، هەروەها هێزەکانمان بەرپەرچی هەر هێرشێک دەدەنەوە کە بکرێتە سەریان.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ هەینی، 27ـی ئەیلوولی 2024 هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی حزبوڵلای لوبنانی بە سەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵلا کردە ئامانج، لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵا و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای حزبوڵڵا کوژران.

هێزەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووەوە، هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان دەست پێ کرد، کە تاوەکو ئێستە زیاتر لە 500 کەس کوژراون و نزیکەی 1700 کەسیش بریندار بوون.