هێمن میرانی: کردنە قەزای تەقتەق بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین و دەستڕاگەیشتنی هاووڵاتییە بە خزمەتگوزارییەکان

هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: کردنە قەزای تەقتەق و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان، بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین و دەستڕاگەیشتنی هاووڵاتییانە بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.

شەممە 28ـی ئەیلوولی 2024، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەریمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سەنتەری شۆڕکردنەوەی دەسەڵات بریتیە لە گەیاندنی خزمەتگوزرایی خێرا بۆ هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی ڕۆتین بۆ کاروباری هاووڵاتییان، تێڕوانینەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە هاووڵاتییان دەستیان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بە ئاسانی بگات.ڕاشیگەیاند: 11 قەزا و 8 ناحییە لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا دروستکراون، دەڵێت: بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی زۆر ئازایانە بووە سەرباری قەیرانی ئابووری و فشارەکانی حکوومەتی فیدراڵ.

دەشڵێت: لە 22ـی شوباتی 2022 ، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەفەرمانێک  بەشێکی زۆری دەسەڵاتەکانی خۆی شۆڕکردەوە بۆ وەزیرەکان، وەزیرەکانیش دەسەڵاتەکانی خۆیان شۆڕکردەوە بۆ خوارەوە بۆ ئەوەی خەڵک باشتر دەستییان بە خزمەتگوزارییەکان بگات.

گوتی: بڕیاری کردنە قەزای تەقتەق کەکۆنترین ناحیەیە لە عێراق، گەورەکردنی هەیکەلی حکوومەتە بە دیراسە و بنەما بەهێزەکان. ئاماژەی بەوەشکرد کە، 25ـی ئەیلوول وەزارەتی ناوخۆ بە نووسراوی ژمارە 28101 لە 25ـی ئەیلوول، کە ناردوویەتی بۆ نووسینگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بۆ ئەوەی ڕێکارەکانی بە قەزاکردنی تەقتەق جێبەجێ بکرێت.

تیشکی خستە سەر ئەوەش کە یەکێ لەپایە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاسان دەستگەیشتنی هاووڵاتییانە بە خزمەتگوزارییەکان، هەموو ئەو کارانەی دەکرێت بۆ ئەوەیە هاووڵاتی لە ڕۆتین ڕزگاری بێت، بە نموونەش مۆڵەتی شوفێری کە کورتکراوەتەوە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ بۆ ڕۆژێک.