ئاماری کوردستان: 1ـی تشرینی یەکەم پرۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەدانان لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات

ئاماری دانیشتووان
ئاماری دانیشتووان

دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: 1ـی تشرینی یەکەم پرۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەدانان لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.

شەممە 28ـی ئەیلوولی 2024، دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بە مەبەستی دەستپێکردنی یەکەم قۆناغی كارى مه‌يدانى له‌ سەرژمێریی گشتيی دانیشتوان و ئاواییەکان لە هەرێمی کوردستان، ڕۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2024، دەستەی ئاماری هەرێم دەست بە جێبەجێکردنی پرۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەدانان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ده‌كات، ڕایدەگەیەنێت: لەم پرۆسەیەدا  زياتر له‌ 7400 كه‌س کە پێشتر ڕاهێنانیان پێ کراوه‌، سه‌ردانى شارنشين و گوندنشينه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن و به‌پێى ئه‌و میکانیزمەی له‌ كارى گه‌مارۆسازیى و ژماره‌دانان په‌يڕه‌و ده‌كرێت، فۆرمى گه‌مارۆسازى بۆ گشت باڵەخانەکان پڕ ده‌كه‌نه‌وه‌.

دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: لەم ماوەیەدا، وەزارەتی پلاندانان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە هەماهەنگی کردن لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو خاڵانەی هێشتا ڕێکەوتنیان لەسەر نەکراوە، سەرەڕای ئه‌وه‌ى له‌ ماوه‌ى 4 ساڵى ڕابردوودا به‌رده‌وام پێداگريمان له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ كردووه‌، بەتایبەتی سەرژمێری لە ناوچە کوردستانیيەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کە پرسێکی گرنگە و حكوومه‌تى هه‌رێم مەبەستيه‌تى سەرژمێریی ساڵی 2024 لە پرسە سیاسی و یاساییەکان لە ئیستادا و لە داهاتوو دوور بخاته‌وه،‌ هه‌ر وه‌ك له‌ دروشمى سه‌رژمێريش هاتووه‌ ته‌نيا بۆ پەرەپێدان به‌كار بێت له‌ عێراق و له‌ هه‌رێمى كوردستان.

دەڵێت: بە پێچەوانەوە، لەگەڵ ئەوەی دەمانەوێ سەرژمێریی بکرێ و پرۆسەکە سەرکەوتووبێ، وەڵامنەدانەوەی داواکاریەکانمان کە دەستووریە وبەرگریی دەکات لە مافی هاوڵاتیبوون لەو ناوچانە، ئەگەرەکان بە کراوەیی دەهێڵنەوە بەرامبەر حکوومەتی هەرێم بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی پێویست بۆ پاراستنی مافەکانی دانیشتووان لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور، دەشڵێت:" هیوادارین لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ بۆ جێبەجێ کردنی ئەم پرۆژە گرنگە بگەینە ئەنجام.