دووەمین دیوانە شیعری هایکۆی شەماڵ ئاکرەیی کەوتە بەر دیدی خوێنەران

هەڵبەستڤان شەماڵ ئاکرەیی، لە تازەترین بەرهەمە شیعریدا، دووەمین دیوانە شیعری بە شێوازی هایکۆ یان هائیکۆ، کە شێوازێکی هونراوەی ژاپۆنییە بە شێوەزاری کرمانجی ژوورو، لە ئاستی هەرێمی کوردستان بڵاو دەکاتەوە.

دیوانە شیعرییەکەی بەناوی (خویساران پەیڤان) گەشتێن بلەز دنێڤ سروشتی و ناخێ مرۆڤی دا، لە بەرگێکی 118 لاپەڕەییدا چاپ و بڵاو کردووەتەوە و 300 هایکۆی لەخۆ گرتووە، کە دوای بڵاوکردنەوەی یەکەم دیوانی لەم ستایلە شیعرییەدا لە ساڵی 2010، ئەمە دووەمین بەرهەمییەتی بە ستایلی هایکۆ.

شاعیر لە پێشەکییەکی ورددا بە درێژی باسی ئەم شێوازە شیعرەییەی کردووە کە سەرچاوەکەی بۆ سەدەی هەشتەمی زایین دەگەڕێتەوە و ژاپۆنییەکان خاوەنی شێوازەکەن و بۆ رزگاربوون لە ئەدەبیات و فەرهەنگی چین دایان هێناوە.

شەماڵ ئاکرەیی، لەم بەرهەمە نوێیەیدا دەقی هۆنراوەی 17 بڕگەیی ڕەچاو کردووە، کە دابەشیکردووەتە سەر (5-7-5) بەیتی و لە کۆتایی پێشەکییەکەیدا هیواخوازە ئەم بەرهەم نوێیەی ببێتە جێگەی ڕەزامەندی خوێنەران و چێژ و خۆشی لێ وەربگرین.