فەلاح حەسەن: کابینەی نۆیەم گرنگیی تەواوی بە نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر داوە

سەرۆکی نوێی کۆمیسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵای هەولێر ڕایدەگەیەنێت: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیی تەواوی بە بووژاندنەوەی قەڵای هەولێر داوە، دەشڵێت: پرۆژەکانی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر بەردەوا دەبن و هەر بەشێک کە تەواو دەکرێت، بەڕووی هاووڵاتییاندا دەکرێتەوە.
یەکشەممە 29ـی ئەیلوولی 2024، ئاڵوگۆڕی پۆستی سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای بوژاندنەوەی قەڵای هەولێر لەنێوان نیهاد لەتیف قۆجە و فەلاح حەسەن کرا، سەرۆکایەتی کۆمیسیۆنەکە بە وەکالەت درایە دەست ئەندازیار فەلاح حەسەن، سەرباری سەرۆکایەتی کردنی فەرمانگەی ڕێکخراوە نا حکوومییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەندازیار فەلاح حەسەن کە بەکالۆریۆس و ماستەری لە ئەندازیاریی لە وڵاتی بەریتانیا بەدەستهێناوە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیی تەواوی بە شوێنەوارەکانی کوردستان بە گشتی و قەڵای هەولێر بەتایبەتی داوە، گوتیشی: پرۆژەکانی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر لەچوارچێوەی گرنگیدانی کابینبەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی بە شوێنەوارەکان، بەردەامییان دەبێت، هەر بەشێکی قەڵا کە نۆژەن دەکرێتەوە، بەڕووی هاووڵاتییان دەکرێتەوە، سەرباری ئەوەی چەندین پرۆژەی دیکە لەسەر قەڵای هەولێر جێبەجێ دەکرێن کە وا دەکات هەمیشە سەر قەڵا ئاوەدان و ژیانی تێدا بەردەوام بێت بە سەردانیکردنی هەموو ئەو گەشتیارانەی دەیانەوێت لەڕێگەی قەڵاتەوە بە مێژووی دێرینی هەولێر ئاشنا بن.