سبەینێ قۆناغێکی نوێی سەرژمێریی لە هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات
سبەینێ پرۆسەی ژمارەلێدان و گەمارۆسازیی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات. شاندێکیش بۆ چارەکردنی کێشەی ناوچە دابڕاوەکان دەچێتە بەغدا.
دووشەممە، 30-09-2024، سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە سبەینێ سێشەممەوە، 01-10-2024، پرۆسەی ژمارەلێدانی باڵەخانەکان و گەمارۆسازیی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات.
لە یەکى ئەم مانگەوە پرۆسەى گەمارۆسازى و ژمارەلێدانى باڵەخانەکان لە پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکردووە و ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی پرۆسەکە بوو.
سیروان محەممەد باسی لەوە کرد، "ئێمە لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتی، قۆناغێک لە دوای عێراقەوەین، چونکە حکوومەتی فیدراڵی لە کاتی خۆیدا، بودجە، ئامێر و کەلوپەلەکانی دیکەی بۆ پرۆسەی سەرژمێریی لە هەرێمی کوردستان دابین نەکردووە، ئەمەش بووە هۆی دواکەوتنی کارەکانمان".
لەم پرۆسەیەدا تیمەکانى سەرژمێرى بەسەر چەند بلۆکێکدا بۆ گەمارۆسازی و ژمارەلێدان دابەش دەکرێن. بریکاری وەزارەتی پلاندانان گوتی، "زیاتر لە هەشت هەزار کارمەند و بەڕێوەبەر، سەرپەرشتی ئەم پرۆسەیە دەکەن".
ڕۆژی دووشەممە 23-09-2024 محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "دەبووایە دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە و ئەو کات سەرژمێری بکرێت، بۆیە داوا دەکەین ئەم سەرژمێرییە دوابخرێت؛ جارێ هێشتا زووە بۆ بەڕێوەچوونی، چونکە قۆناخی یەکەمی مادەی 140 جێ بەجێ نەکراوە".
بریکاری وەزارەتی پلاندانان ڕوونی کردەوە، "سبەینێ ژمارەیەک کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان و حکوومەتی عێراق لە بەغدا دەبێت بە مەبەستی چارەکردنی ئەو تێبینییانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرۆسەی سەرژمێریی لە ناوچە دابڕاوەکان و بەتایبەت کەرکووک هەیەتی".
تێبنییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەکوو ئەوەی ناوبراو باسی کرد، "تاوەکوو ئێستا چارەنەکراون و هەموو ئەگەرێک کراوەیە. لەوانەیە سەرژمێریی لە ناوچە دابڕاوەکان دوابخرێت یان لەوانەیە هەر نەکرێت".
بڕیارە رۆژی 20ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ سەرژمێریی گشتی لە عێراق، هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕاوەکان بکرێت.
بە گوێرەی پێشبینییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە تاوەکوو ساڵی 2030 دەگاتە نزیکەی 51 ملیۆن و 500 هەزار کەس.