مەسرور بارزانی: هیچ لایەنێک نەیتوانیوە یەک دەستکەوت بەبێ پارتی بۆ کوردستان بەدەست بهێنێت

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی پارتی، ڕایگەیاند، ڕابردووی پارتی پڕە لە شانازی و بەرگریی. جەختی لەوە کردەوە، هەڵبژاردن تاکە ڕێگەیە بۆ ئەوەی شێوازی حکوومڕانی لە وڵاتەکەمان دیاری بکەین.

سێشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی، بە مەبەستی پشتیوانیکردن و سەرخستنی لیستی 190ـی پارتی، لە شاری هەولێر، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی پارتی لە سەندیکاکانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی، گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا، پارتی ئەوە حزبە بووە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئامادە نەبووە کە دان بەوە دابنرێت بستێک خاکی کوردستان جیا بکرێتەوە، هاوکات ئامادەبوو شۆڕشێکی لەسەر ئەو پرسە دابنێت.

هاوکات دەڵێت: پارتی ئەو حزبەیە کە لەژێر سەرکردایەتی بارزانی نەمر ئامادە نەبوو واز لە کەرکووک بهێنێت، چونکە پێی وابوو هیچ بەشێکی خاکی کوردستان لە کوردستان جیا ناکرێتەوە.

ئاماژەی بەوە دا، ئەجێندای پارتی هەمیشە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان بووە، پارتی شانازی بەوە دەکات کە ڕۆژێک لە ڕۆژان سازشی لەسەر مافە ڕەواکانی گەلی کورد نەکردووە، پارتی هەمیشە خۆی کردووەتەوە قوربانی نەتەوە و خەڵکی کوردستان.

لەبارەی ریفراندۆمەوە، مەسرور بارزانی، ڕایگەیاند، پارتی ئەو پارتییە بوو کە بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی نیشانی هەموو جیهانی دا ئیرادەی خەڵکی هەرێمی کوردستان ئیرادەیەکە کە هەرگیز ناشکێت و بڕیاری ڕیفراندۆمی دا، ڕێفراندۆمیش بە دەنگی زۆرینەی گەلی کوردستان سەرکەوت، ئەمەش شانازییەکی دیکەی پارتی دیموکراتی کوردستانە.

دەشڵێت: زۆر کەس و لایەن هەبوون لەگەڵ پارتی بوون و چاوەڕێی دەستکەوتی زیاتر بوون، بۆیە شان بە شانی پارتی بەشدارییان لە ڕیفراندۆم کرد و دەنگیشیان دا، بەڵام دواتر هەڵویستی جیاوازیان وەرگرت، بەڵام ئەو کەس و لایەنانە بەو شکستە سایکۆلۆجییەی کە تووشی بوون، خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ ڕیفراندۆم کرد.

جێگری سەرۆکی پارتی، ڕوونی کردەوە، ڕیفراندۆم کەمترین مافی هاووڵاتیەک بوو بۆ ئەوەی باس بکات بڵێت من چیم دەوێت، هەوڵێکی زۆر درا ئیرادەی گەلی کورد بشکێندرێت، بەڵام پارتی نەیهێشت ئەو ئیرادەیە بشکێندرێت و ڕیفراندۆمی سەرخست.

لەبارەی هێرشی تیرۆرستانی داعش، مەسرور بارزانی، گوتی: کاتێک کە هێرشی دڕندانەی تیرۆستانی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان هات، بوون بە مەترسییەکی جیددی لەسەر ئاشتی و ئاشتەوایی هەموو جیهان، پێشمەرگە و سەرکردایەتی پارتی پێش هەموو لایەنێک لە سەنگەری بەرگریدا بوون، پارتی ئەو لایەنەیە کە هەمیشە شەڕ بۆ ئاشتی دەکات.

جەختی لەوەش کردەوە، پارتی هەمیشە ئەو لایەنەیە کە شەڕ بۆ ئەوە دەکات هەرێمی کوردستان سەقامگیر بێت و ئاشتی لە هەموو ناوچەکە جێگەی شەڕ و ئاژاوە بگرێتەوە، سیاسەتی پارتی سیاسەتێکی زۆر دیار بووە، لەگەڵ ئەوەی بەرگریی لە دەستکەوتەکانی نەتەوە و نیشتمان کردووە، بەرنامەشی هەبووە کە چۆن بتوانرێت پرۆژەی باشتر بۆ خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان جێبەجێ بکرێت.

جێگری سەرۆکی پارتی، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، سەرەڕای هەموو ئەو ئاڵنگاریانەی کە بە ئەنقەست بۆ سەرکردایەتی و ڕۆڵی پارتی لە حووکمڕانی دروست کراوە، بەڵام ئەو کابینانەی کە پارتی دەسەڵاتی تێیدا هەبووە و حووکمڕانی تێیدا کردووە دەبینین کە گەشەکردن و پێشکەوتن لە کوردستان بە چ ئاستێک گەیشتووە، هەوڵی جیددیمان داوە سیاسەت و بەرنامەکان بۆ داهاتوو ڕوونتر، گەشتر و باشتر بێت.

هێمای بۆ ئەوە کرد، زۆر لایەن هەبوون کە بە ئەنقەست کاریان لەسەر نەهێشتنی ئومێد لەلای هاووڵاتیی دەکرد و، هاووڵاتییانیان هاندەدا کە کوردستان جێبهێڵن، هەروەها زۆر لایەن هەبوونە کە هەوڵی ئەوەیان داوە دووبەرەکی لەناو خەڵکی کوردستان دروست بکەن، زۆر لایەن هەبوونە بەهۆی لاوازییەوە هەر زوو خۆیان ڕادەستی لایەنی فشاردروستکەر کردووە، بەڵام پارتی هەمیشە بە گەنجەکانی گوتووە؛ ئێوە دەبێت وڵاتەکەتان خۆشبووێت و تێیدا بمێننەوە، ئێمە دەتوانین وڵاتێک دروست بکەین لە ئاست چاوەڕوانی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا بێت.

مەسرور بارزانی، باسی لە ئابووری هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، پارتی بەرنامەی هەیە بۆ ئەوەی ڕۆژ بە ڕۆژ ئابووری هەرێمەکە بەرەو پێشتر ببات، هەوڵێکی جیددی دراوە لە دروستکردنی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز بۆ کوردستان، بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو بتوانن لە ژیانێکی خۆشتردا بژین.

ڕاشیگەیاند، پارتی بەرنامەی بۆ ئەوە هەیە کە ستانداردی خوێندن و تەندروستی لە هەموو کوردستان بەبێ جیاوازی بەرەو ئاستێکی زۆر بەرزتر ببات. هەروەها پارتی هەوڵ دەدات لە ئاییندەدا سەرجەم پێداویستییەکانی هاووڵاتییان دابین بکات، پارتی بەرنامەی هەبووە زقوتر ئەو کارانە جێبەجێ بکات بەڵام ڕێگری هەبووە کە خۆی دەبینێتەوە لە؛ نەناردنی بودجە، هەڕەشەکانی دەرەکی، بە هەموو شێوەیەک ڕێگری لەو کراوە ئەجێنداکانی پارتی جێبەجێ بکرێن.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، زۆر شت کراوە و زۆر بەرنامە و پرۆژەی باش جێبەجێ کراوە، ئینشاڵلا لە ماوەیەکی نزیکیشدا ئەنجاماکنی زۆرێک لە شتەکانی دیکە بەدیار دەکەون.

لەبارەی درووشمەکانی پارتییەوە، جێگری سەرۆکی پارتی، دەڵێت: درووشمەکانی پارتی دیارن، ئارامی، پێکەوەیی و خۆڕاگریی، ئەمانە ئەم درووشمانەن کە پارتی بە کردار نیشانی داوە، پارتی هەم ڕاستگۆیە لەگەڵ هاووڵاتی هەم لەگەڵ درووشمەکانی خۆی، هەمووشی ئومێدبەخشن، نامانەوێت وڵاتی ئێمە گرژی تێبکەوێت، نامانەوێت کێشەکان بە توندوتیژ و زمانی زبر چارە بکەین، نامانەوێت خەڵک لە ئێمە بترسێت و نامانەوێت ترساندن و تۆقاندن لە هیچ شارێکی هەرێمی کوردستان هەبێت.

باسی لەوەش کرد، نامانەوێت کەس بتوانێت بچێت سەرانە لە هاووڵاتییان بستێنێت، پارتی داوای ئارامی دەکات و پێیوایە هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان شایستەی ئەوەن لە ژیانێکی ئارام و سەقامگیردا بژین، دەمانەوێت کوردستان ببێتە نموونەی پێشکەوتن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هیچی کەمتر نەبێت لە وڵاتە پێشکەوتووەکان، هەروەها دەتوانین پێکەوە دەست لەناو دەست هەموو کارێکی باش بکەین و لە بری یەکتر شکاندن با بیر لە ئاوەدانی و پێشکەوتن بکەینەوە.

لەبارەی مافی پێکهاتەکان، مەسرور بارزانی، گوتی: پارتی هەمیشە پارێزەری مافی پێکهاتە، هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازکان بووە کە لە کوردستاندا دەژین، پارتی شانازی دەکات کە شەڕی کردووە بۆ گەڕانەوەی ماف بۆ تورکمان و کریستییانەکان، ئەو کورسی کۆتایانەی پەرلەمانی کوردستان کە خەڵکێک شانازی دەکات لای بردووە، ئێمە شانازی دەکەین کە وامان کرد بەشێکی بگەڕێتەوە.

گوتیشی: پارتی بە کردەوە سەلماندوویەتی هەر کاتێک خواستێکی ڕژد هەبووبێت، هەوڵی ڕژدی دابێت و متمانەی خەڵکی لەگەڵدا بووبێت، توانیویەتی گەورەترین دەستکەوت بۆ کوردستان بەدەست بهێنێت، شانازی دەکەین کە پارتی هەمیشە داوای ئاشتەوایی گشتیی کردووە، پارتی هەمیشە ئامادەبووە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە کاری ڕژد بکات، پارتی کاتێک بە تەنیا بووە دەستکەوتی هەبووە و پێکەوەش بین دەستکەوتی زیاترمان هەبووە، بەبێ پارتی هیچ حزب و لایەنێکی سیاسی نەیتوانیوە هیچ دەستکەوتێک بۆ گەلی کوردستان دەستەبەر بکات.

هاوکات دووپاتی کردەوە، بڕوامان بەوەیە کە دەبێت کوردستان یەک پارچە، یەک دەنگ، یەک هەڵوێست، یەک ڕەنگ بێت، دژی ئەوە نین بۆچوون و لایەنی جیاواز لە هەرێمی کوردستاندا هەبێت، بەڵام گرنگە چوارچێوەیەکی دیاریکراومان هەبێت بۆ پاراستی بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵک و خاکی هەرێمی کوردستان، پارتی ئامادەیە دەستی دۆستایەتی بۆ هەر لایەنێک درێژ بکات کە بەرژەوەندییەکانی خۆیان بکەنە قوربانی خەڵک و خاکی کوردستان.

لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، جێگری سەرۆکی پارتی، ئاماژەی بەوە کرد، کە بڕیار دەدەن لەسەر سندووقی دەنگدان کەسێک هەڵدەبژێرن بیر لەوە بکەنەوە ئەم هەڵبژاردنە بۆ ڕۆژێک و دوو ڕۆژ نییە، ئەمە بۆ چەندین ساڵی حووکمڕانییە، دەتوانن لێکدانەوە بۆ درووشمی هەموو لایەک بکەن و سەیری ڕابردووی هەموو لایەک بکەن، بزانن کێ ڕاستگۆ بووە، جگە لە پارتی هیچ کەسێک پرۆژەیەکی خستووەتەڕوو کە باس لە داهاتوو، ئاشتەوایی، پێشکەوتن بکات؟، ئەو درووشمانەی کە دەیبیستین جێگەی داخە کە باسی کۆتایی هێنان، تێکدان و وەستاندن دەکات، ئەم درووشمانە لە بەرژەوەندی وڵات و خەڵکی ئێمەدا نییە.

دەشڵێت: هەڵبژاردن بڕیارێک نییە کە تایبەت بێت بە ناردنی کەسێک بۆ پەرلەمان، بەڵکو بڕیارە لە چارەنووسی هاووڵاتی و داهاتووی کوردستان، هیوادارم هاووڵاتییان بە قسە و درووشمی هیچ لاینێک بڕوا نەکەن و خۆیان لێکدانەی زانستییانە بۆ درووشمەکان بکەن، ئەو قسانەی کە لایەنەکان دەکەن دەرخەری ناخیانە، هیوادارم ئێمە توانیبێتمان متمانەی ئێوە بەدەست بهێنین، کە بە کردەوە خزمەکاری ئێوە بین.

هاوکات دووپاتی کردەوە، خەڵی ئێمە ماندووە لە ململانێی سیاسی، ماندووە لە بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی، ئێمە دەمانەوێت ژیانێکی شایستەتر و بەختەوەرترمان هەبێت، هەروەها پارتی ئامادەیە لەپێناو ئەم ئامانجە لەگەڵ ئێوە ڕاستگۆ بێت و لەگەڵ ئێوەش لە حووکمڕانی داهاتوودا بەرەو ئەم ئامانجە هەنگاو بنێت.

لەبارەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، مەسرور بارزانی، گوتی: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێکی گرژ و ناسەقامگیر تێدەپەڕێت، هیوادارین ئەم گرژییانە نەگەنە ئێرە، بەڵام هەموو شتێک چاوەڕوان کراوە!، ئێمە ناتوانین ڕێگری لە ڕووداوەکان بکەین، تەنیا دەتوانین خۆمانی تێوەنەگلێنین، سیاسەت و بەردەوامی ئێمە ئەوەیە هەرێمی کوردستان نەبێتە قوربانی بەرژەوەندی هیچ لایەنێک، دەمانەوێت بەرژەوەندی باڵای خەڵکی خۆمان لە سەرووی بەرژەوەندی هەموو لایەنێکی دیکە بێت، پارتی لەپێناوی ئەمە خەبات دەکات، بەڵام ئەوە تەنیا بە قسە ناکرێت دەبێت لایەنێکی خاوەن ئەزموون و ئیرادە ئەم قۆناغە ئیدارە بدات، کەسێک ئەزموونی نەبێت و سەلمێندرابێت کە ناتوانێت ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسییەکان ببێتەوە، ناتوانێت ئیدارەی داهاتووی ئەم وڵاتە بکات، ئەگەر لە داهاتوو پیلان لە دژی تێکچوونی کوردستان هەبێت و پەلامار بدرێت، دەبێت بیر لەوە بکەنەوە کوا پارتی بۆ ئەوەی بەرگریتان لێبکات.