ئەلینا ڕۆمانۆوسکی: دەبێت ئەم هێرشانە بوەستێنرێن

ئەلینا ڕۆمانۆوسکی باڵیۆزی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت: دەبێت ئەو هێرشانە بوەستێنرێن، مەبەستیشی لەشیوەی ئەو هێرشانەیە کە دوێنێ شەو کرایە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەی ڤیکتۆریا لە بەغدا.
سێشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئەلینا ڕۆمانۆوسکی باڵیۆزی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە پەیامێکی( ئێکس) دا نووسیوویەتی: شەوی ڕابردوو هێرش کرایە سەر کۆمەڵگەی پشتیوانی دیپلۆماسی لە بەغدا کە دامەزراوەیەکی دیپلۆماسی ئەمەریکایە، دەڵێت: خۆشبەختانە هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، دەشڵێت: من وەڵامی خێرای حکوومەتی عێراق بۆ هێرشەکە بەرز دەنرخێنم و بەردەوام داوای هاوکارییان لێدەکەم بۆ پاراستنی کارمەندان و نێردە دیپلۆماسییەکان و هاوپەیمانان، دەشڵێت: دەبێت ئەم هێرشانە بوەستێنرێن.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقی ڕایگەیاند: درەنگانی شەوی ڕابردوو لە ڕۆژئاوای بەغدا بە سێ ڕۆکێتی کاتیۆشا، هێرش کراوەتە سەر بنکەی ڤێکتۆریای سەربازیی هێزەکانی ئەمەریکا کە دەکەوێتە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا.
بە گوتەی سەرچاوە ئەمنییەکە، بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکە، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی بنکە ئەمریکییەکە کەوتووە کار، بەڵام یەکێک لە ڕۆکێتەکان لە بەر دیواری جیاکەرەوەی بنکە سەربازییەکەی ئەمەریکا و فڕۆکەخانەی بەغدا کەوتووە و بەهۆیەوە چوار ئۆتۆمبێلی مەدەنی سووتاون، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی هەبێت.