رووماڵ

لە عێراق بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی هۆشداری دەدات

هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق هۆشداری دەدات، ئەگەر ئەمەریکا لە هێرشکردنە سەر ئێران تێوەبگلێت، بنکە و بەرژەوەندییەکانی لە عێراق دەکەنە ئامانج، بە فەرمانی سوودانیش سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی عێراق خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، بڕیاریشە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایشیی نێودەوڵەتی لەبارەی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجام بدات.

دەستەی هەماهەنگی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بڵاویکردەوە "ئەگەر ئەمەریکا لە هەر کردارێکی دوژمنکارانە دژی ئێران تێوەبگلێت، یاخود ئاسمانی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ئێران بەکاربهێنێت، ئەوا بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی ڕاستەوخۆ بەرژوەندی و بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکاتە ئامانج".

هەروەها بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، پیرۆزبایی هێرشەکەی ئێرانی بۆسەر ئیسرائیل لە عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و بە سەرکەوتنی گەورە وەسفیکرد.

لەلایەکی دیکە و تایبەت بە دۆخی ئەمنیی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بەهێزە ئەمنییەکان کرد لە سەرانسەری وڵات بکەونە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

درەنگانێکی شەوی ڕابردوو 1ی تشرینی یەکەمی 2024، محەممەد شیاع سوودانی سەردانێکی لەناکاوی بۆ بارەگای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان کرد و فەرمانی کرد؛ هێزە ئەمنییەکان بکەونە حاڵەتی ئامادەباشییەوە لەسەرانسەری وڵات و ئاستی هۆشیاری ئەمنیی بەرز بکەنەوە.

سوودانی فەرمانی بەهێزە ئەمنییەکان کرد ئامادەییان تێدابێت بۆ بەرگریکردن لە سەقامگیریی و ئاسایشیی عێراق، هەروەها مامەڵەکردن لەگەڵ هەر جۆرە پێشهاتێکی چاوەڕوان نەکراوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە ڕۆژی سێشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە فەرمانی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران عەلی خامنەیی، 180 مووشەکی بالیستی لە جۆری فەتاح، ئاڕاستەی خاکیی ئیسرائیل کرد، بەگوێرەی زانیارییەکان بەو هۆیەوە هەشت کەس کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندارن.

بڕیارە ئەمڕۆ 2ی تشرینی یەکەمی 2024، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دانیشتنێکی نائاسایی سەبارەت بە گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام بدات.

بڕیاریشە لە دانیشتنەکەدا هەردوو نوێنەری ئێران و ئیسرائیل بەشداریی بکەن، تیایدا ئەندامان تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل بکەن.

دانیشتەنەکە لەسەر داوای سویسرایە کە هەرخۆی سەرۆکایەتی ئەم خولەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات.