گوهدار شێخۆ: گەنجانی زاخۆ لە ڕێگەی خولی پیشەییەوە بوونەتە خاوەنی کاری خۆیان
سەرپەرشتیی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕایگەیاند، جێگەی دڵخۆشییە کە گەنجەکانمان بەشداری خولی کار دەکەن و لەو ڕێگەوە دەبنە خاوەنی کاری خۆیان.
چوارشەممە، 2ـی ئۆکتۆبەری 2024، گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە سێ ساڵی ڕابردوودا هەموو پاڵپشتییەکی ماددی و مەعنەوی بۆ گەنجانی زاخۆ کراوە.
ئەو سەرپەرشتە دەڵێت: هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی پشتگیری و خزمەتی گەنجانی زاخۆ بکەین، شانازییە بۆمان کە چەندان جار ئەم خولانە لەلایەن کچ و کورانی زاخۆوە دەکرێت، ئێمە بە هەموو شێوەیەک بەیەکەوە بەشدار و پشتیوانی خۆمان بۆ ئەم جۆرە خولانە لە زاخۆ دووپات دەکەینەوە.
گوهدار شێخۆ، ڕاشیگەیاند "خولەکان جۆراوجۆر بوون، من زۆر دڵخۆشبووم پێی، کە نزیکەی دوو هەزار گەنجی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە خولەکە بەشداربوون و بەشێکی زۆریش لەو گەنجانە بوونەتە خاوەنی کاری خۆیان، سەرۆکی حکوومەتیش لەو ڕووەوە هەموو پشتیوانییەکی خۆی بۆ تەواوی گەنجانی کوردستان دووپات کردووەتەوە".