عێراق و تورکیا لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی هەماهەنگییەکانیان بەهێزتر دەکەن

ئاڵاکانی عێراق و تورکیا
ئاڵاکانی عێراق و تورکیا

K24 – هەولێر:

وەزیری ناوخۆی تورکیا و وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق یاداشتێکی لێکگەیشتنیان بۆ هاوکاری لە پرسی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارە عێراقییەکان بۆ وڵاتی خۆیان، ئیمزا کرد.

چوارشەممە 2ـی تشرینی یەکەمی 2024، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، بڵاوی کردەوە، لەگەڵ وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و شاندی یاوەری کۆ بووەوە.

یەرلیکایا، ئاماژەی بەوە داوە کە یاداشتنامەی لێکگەیشتن بۆ هاوکاری لە بواری گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارە عێراقییەکان بۆ وڵاتی خۆیان، لە نێوان هەردوو وەزارەتەکەدا ئیمزا کراوە.

هاوکات ڕاشیگەیاندووە، لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێکگەیشتنەکەدا لەگەڵ عێراق هاوکاریی یەکتر دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی.