به‌غدا: رێككه‌وتنی نوێی نه‌وتمان له‌گه‌ڵ هه‌ولێردا نه‌كردووه
K24 - هه‌ولێر:
حكوومه‌تی عێراق رایگه‌یاند، هیچ رێككه‌وتنێكی نوێی نه‌وتیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان واژوو نه‌كردووه‌و ھەروەھا هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركووكیش له رێی بۆڕی هه‌رێمی كوردستان جه‌یهانه‌وه، داهاتی دارایی بۆ كه‌ركووك و عێراق دابین ده‌كات.
به‌غدا رایگه‌یاند رێككه‌وتنی نه‌وتی نوێیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان واژوو نه‌كردووه و ئه‌وه‌ی هه‌یه له كۆتایی 2014ه‌وه رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق رایگه‌یاند، له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا, هیچ رێككه‌وتنێكی نوێ نه‌كراوه، به‌ڵكو له ئه‌نجامی له‌كاروه‌ستانی بۆڕی نه‌وتی عێراق - توركیا، به‌غدا ناچاربووه له رێگه‌ی بۆری نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانه‌وه نه‌وتی كه‌ركووك ره‌وانه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهان بكات.
وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه له رێگه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركووكه‌وه له رێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، به‌شێك له خهرجيیهكانی كۆمپانیای نه‌وتی باكوور له كۆڵ, حكوومه‌ت ده‌بنه‌وه و پاره‌ی پترۆ دۆلار بۆ كه‌ركووك دابین ده‌كرێت و بڕێكیش داهات بۆ بودجه‌ی حكوومه‌تی فیدراڵی دابین ده‌كات.
به گوێره‌ی دوا ئاماره‌كانیش، به‌هۆی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركووك له رێی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆ 650 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه به‌رزبووه‌ته‌وه، به‌وه‌ش ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان نه‌وته‌كه‌ی به هه‌مان نرخی مانگی رابردوو كه 32 دۆلار و 44 سه‌نته بفرۆشێت، داهاتی نه‌وتی ئه‌م مانگه له‌سه‌روی 630 ملیۆن دۆلاره‌وه ده‌بێت.
به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ئه‌وه‌شی تێدا هاتووه كه به‌غدا هه‌وڵی ته‌واو ده‌دات بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و بۆرییه نه‌وتانه‌ی كه پێشمه‌رگه كۆنترۆڵی كردوون دوای كشانه‌وه‌ی سوپای عێراق له ناوه‌ڕاستی ساڵی 2014.
ئه‌مه له كاتێكدایه كه له چه‌ند رۆژی رابردوودا، هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د كه‌سی یه‌كه‌می باڵی ده‌ستڕۆیشتووی یه‌كێتی نیشتمانی، داوای له عه‌بادی كردبوو هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركووك له رێی هه‌رێمی كوردستانه‌وه رابگرێت.