مەحما خەلیل: تا ئاوارەکان دەگەڕێنەوە سەرژمێریی نەکرێت

ئەندامێکی ئێزدی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: تا ئاوارەکان دەگەڕێنەوە سەرژمێریی نەکرێت چونکە دەبێتە هۆی گۆڕینی دیموگرافی.
مەحما خەلیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: داوامان کردووە تا ئاوارەکان دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان سەرژمێری گشتی لە شنگال نەکرێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە، پێش شەڕی داعش داوای سەرژمێریمان کرد، بەڵام ئەو کات داواکەمان ڕەتکرایەوە، ئێستەش بەشی هەرە زۆری ئێزدییەکان ئاوارەن و نابێت سەرژمێری لە ناوچەکانمان بکرێت.
مەحما خەلیل گوتی: لە ساڵی 1957 تاکوو ئێستا سەرژمێرییەکی دروست نەکراوە، ئیمە داوامان کرد لە ساڵی 2011 بۆ 2012 سەرژمێریی بکرێت کە بارودۆخ ئەوکات زۆر باش بوو کە رێژەی ئێزیدییەکان دروست بوون، ئەو کات سەرژمێریی نەکراو و گلەییمان لە دادگای فیدراڵی کرد لەوەی پێویستە سەرژمێریی بکرێت و ژمارەی دروستی ئێمە ڕابگەیەندرێت.
ئێمە داوا دەکەین هەتا ئاوارەکانمان دەگەڕێنەوە سەرژمێریی نەکرێت بۆ ئەوەی ژمارەی ڕاستەقینەمان دەرکەوێت، ئێمە بە فەرمی سەرژمێریمان ڕەت کردوووەتەوە لەو دۆخەدا کە دەبێتە هۆی گۆڕینی دیموگرافی، پێویستە تا ئاوارەکانمان نەگەڕێنەوە شنگال، سەرژمێریی نەکرێت.
دەشڵێت: هێشتا هیچ وەڵامیكی فەرمی ئەو داوایەی من نەدراوەتەوە لەبارەی سەرژمێریی گشتی، داوای دواخستنی سەرژمێرییەکە دەکەن تاکوو ئاوارەکان دەگەڕێنەوە.
بریارە 20ی مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتوان بەڕێوە بچێت.