بەسرە.. بەهۆی بێکاریی و خراپی گوزەران ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەران زیادی کردووە
دادگاکانی بەسڕە پڕبوون لەو هاوسەرە تەمەن بچووکانەی چاوەڕوانی فەرمانی دادوەر دەکەن بۆ جیابوونەوە، ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەران لەبەسڕە بەجۆرێک زیادیکردووە، پارێزگاکە لەدوای بەغدا لەجیابوونەوەی هاوسەران پلەی دووەمی گرتووە لەسەر ئاستی عێراق.
توێژەرانی کۆمەڵایەتی هۆکاری سەرەکی جیابوونەوەی هاوسەران دەگێڕنەوە بۆ خراپی دۆخی ماددی، نەبوونی متمانە و دەستوەردانی کەسوکاری هاوسەران لە کاروباری خێزانی.
بەتول تەمیمی پارێزەر بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، هۆکارەکانی جیابوونەوە شتێک نین لەناکاو ڕووبدەن، بەڵکو کۆمەڵێک کێشەن کە کەڵەکەبوون و لەناکاو دەتەقنەوە، من وەک پارێزەرێک زۆر دۆسیە هاتوونەتە لام، دەتوانم بڵێم هۆکاری سەرەکی جیابوونەوەکان پرسی ماددیە.
گەنجان زۆریان بێکارن، بۆ نموونە ناتوانن خانووەیەک دابینبکەن ناچارن هاوسەرەکانیان ببەن لەگەڵ دایک و باوکیان لە خانووەیەکی بچووک بژین، ئەمەش کێشە لەنێوان خێزانەکان دروست دەکات.
هاووڵاتیەک دەڵێت: هاوسەرگریی ئێستا زۆر ئاڵۆز و قورسبووە، وەک سەردەمی باب و باپیرانمان نییە کەسێک بتوانێ لە 18 ساڵی هاوسەرگیری بکات، گەنجی ئێستا پێویستە لە ڕووی ماددییەوە سەقامگیر بێت، و بتوانێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت، ئەمەش شتێکە زۆرینەی گەنجەکان لەتوانایاندا نییە، ئەو کەسەی هاوسەرگیریی دەکات پێویستە لەرووی دەروونی ماددییەوە بەتەواوی ئامادەبێت.
هاوسەرگیریی لەتەمەنی زوودا، هاوشان لەگەڵ دەستوەردانی کەسوکار لەکاروباری هاوسەران لەگەڵ بێکاری، گرنگترین هۆکارەکانی جیابوونەوەن لە پارێزگای بەسڕە، دادگاکانی باری کەسێتی لە بەسڕە نزیکەی لەسەدا 80ـی دیاردەی جیابوونەوەیان تۆمارکردووە، ئەمەش وایکردووە گەنجەکان لە هاوسەرگریی بترسن.
ئەسرا جەواد، توێژەری کۆمەڵایەتی باسی لەوەکرد، چینی گەنجان چینێکی دابڕاون، من وەک توێژەرێک بەرکەوتنم لەگەڵ بەشێکی زۆر لەو کەسانەدا هەیە کە جیابوونەتەوە، بەڕاستی زۆرێکیان هۆکاری جیابوونەوەکەیان ئەوەندە ناهێنێت کەسێک ژیانی خۆی تێکبدات، نموونەی جیابوونەوە هەیە کەسێک تەنها لەبەر کۆمێتێکی فەیسبووک لەهاوسەرەکەی جیابووەتەوە، پیاوان متمانەیان بە هاوسەرەکانیان نییە و قسەی خەڵک کاریگەری دەبێت لەسەریان
سەرباری ئەوەی جیابوونەوەیەکی زۆر لە دادگاکانی بەسڕە تۆماردەکرێن، ژمارەیەکی زیاتر لە جیابوونەوە لە دەرەوەی دادگاکانیش هەن، جیابوونەوە چیرۆکی خەمناک دروست دەکات، هەم بۆ هاوسەران و هەم بۆ ئەو منداڵانەی لەنیوانیاندا هەن و ژیانێکی تاڵ بەرەوڕویان دەبێتەوە.