توێژینەوەیەک: زێدەڕۆیی لە خواردنەوە گازیی و سروشتییەکان دەبێتە هۆی جەڵتەی مێشک
توێژینەوەیەکی نوێ هۆشداری دەدات، کە زێدەڕۆییکردن لە خواردنەوە گازی و سروشتییەکان بە مەبەستی شکاندنی تێنوێتی، مەترسی توشبوون بە جەڵتەی مێشک زیاد دەکات.
توێژەرانی زانکۆی گالوای لە ئێرلەندا سەرنجیان خستە سەر کاریگەری خواردنەوە گازی و سروشتییەکان لەسەر دەیان هەزار هاووڵاتی لە 32 وڵاتی جیاواز، بۆیان دەرکەوتووە زێدەڕۆیکردن لە خواردنەوەیان مەترسی توشبوون بە جەڵەتی مێشک بە ڕێژەی 22% زیاد دەکات، هەروەها زۆر جار دەبێتە هۆکاری خوێنبەربوونی مێشك بە ڕێژەی 37% بە تایبەتی لەنێو ئافرەتاندا.
توێژەران ئەوەشیان ئاشکرا کردووە، زۆرێک لە بەرهەمەکانی شەربەتی میوە، شەکر و ماددەی پارێزەری زۆریان تێدایە، کە ڕێگری لە گواستنەوەی سوودەکانی میوە دەکەن بۆ مرۆڤ.
هاوکات توێژەران ئامۆژگاری هاووڵاتییان دەکەن و دەڵێن: ڕۆژانە پێویستە 7 کوپ ئاوی گەرم بخورێتەوە، کە ئەگەری توشبوون بە جەڵتەی مێشک کەم دەکاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە توێژەرانی زانکۆی ماکماستەر لە کەنەدا توێژینەوەیەکیان لەسەر خواردنەوەی قاوە ئەنجام داوە و بۆیان دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی کە ڕۆژانە زیاتر لە 4 کوپ قاوە دەخۆنەوە ئەگەری توشبوونیان بە جەڵتەی مێشک بە ڕێژەی 37% زیاترە لەو کەسانەی کە کەمتر لە 4 کوپ دەخۆنەوە.
باسیان لەوەش کردووە، خواردنەوەی 3 بۆ 4 کوپ چای ڕەش یان سەوز لە ڕۆژێکدا ئەگەرەکانی توشبوون بە مەترسی جەڵتەی مێشک کەم دەکاتەوە.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، خواردنەوەی چا بە شێوەیەکی مامناوەند و زێدەڕۆیینەکردن لە خواردنەوەی، دەبێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن و باش کارکردنی ناوپۆشی خوێنبەرەکان، بەمەش مەترسی جەڵتەی مێشک کەم دەکاتەوە.