بارزانی: ھیوادارم جەژن ببێتە مایەی نەمانی یەكجاری تیرۆرستان و ھزری توندڕەویی
سەرۆكی ھەرێمی كوردستان پەیامێك بڵاودەكاتەوە
K24 - ھەولێر
مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان پەیامێكی بەبۆنەی ھاتنەوەی جەژنی قوربان بڵاوكردەوە و رایگەیاند: "هیوادارم جەژنی پیرۆزی قوربان ببێتە مایە نەمانی یەكجارەكی تیرۆریستان و هزری توندڕۆیی و هەموو ئاوارەكان بە سەربڵندی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ئاشتی و پێكەوەژیان و لێبوردەیی لە كوردستان و ناوچەكە قووڵ ببێتەوە و كۆتایی بە نەهامەتی و كێشەكان بێت".
لە پەیامەكەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستاندا ھاتووە: "پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەكەم كە بە خوێنی ئازیزانیان ئازادی و شكۆی وڵاتەكەمان پارێزراوە. پیرۆزبایی لە بریندارانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش دەكەم و هیوای چاكبوونەوە و ئارامیان بۆ دەخوازم. هەر بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە هەموو پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم كە لە سەنگەری بەرگریكردن لە كەرامەتی گەل و خاكی نیشتیمانن و دەستخۆشیش لە هێزەكانی ئاساییش دەكەم كە ماندوونەناسانە ئەركی پاراستنی ئارامی و ئاساییشی خەڵكیان بە باشی ئەنجام داوە".
دەقی پەیامەكەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بەبۆنەی جەژنی قوربان
جەژن پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و هەموو موسڵمانانی عێراق و جیهان دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەكەم كە بە خوێنی ئازیزانیان ئازادی و شكۆی وڵاتەكەمان پارێزراوە. پیرۆزبایی لە بریندارانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش دەكەم و هیوای چاكبوونەوە و ئارامیان بۆ دەخوازم. هەر بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە هەموو پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم كە لە سەنگەری بەرگریكردن لە كەرامەتی گەل و خاكی نیشتیمانن و دەستخۆشیش لە هێزەكانی ئاساییش دەكەم كە ماندوونەناسانە ئەركی پاراستنی ئارامی و ئاساییشی خەڵكیان بە باشی ئەنجام داوە.
بە پێویستی دەزانم ئەم بۆنە پیرۆزە لە حاجیانی كوردستان و ڕێبوارانی ماڵی خودا پیرۆز بكەم و لە خودای مەزن داواكارم حەج و عیبادەتیان قەبوول بكات. هیوادارم جەژنی پیرۆزی قوربان ببێتە مایە نەمانی یەكجارەكی تیرۆریستان و هزری توندڕۆیی و هەموو ئاوارەكان بە سەربڵندی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ئاشتی و پێكەوەژیان و لێبوردەیی لە كوردستان و ناوچەكە قووڵ ببێتەوە و كۆتایی بە نەهامەتی و كێشەكان بێت.
سوپاسی خۆڕاگری و تەحەمولی هاووڵاتیان و هەموو چینوتوێژەكانی كوردستان دەكەم و لەوە دڵنیام خۆڕاگری و بەرخودانیان لەبەرانبەر گرفت و كێشەكان ئەنجامی دەبێت و دواڕۆژی گەش چاوەڕوانی گەلەكەمانە.
جەژنتان پیرۆز و هیوای شادی و بەختەوەریتان بۆ دەخوازم
مسعود بارزانی
11ـی 9ـی 2016