توركیا و روسیا په‌ره‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌ سه‌ربازییه‌كانیان ده‌ده‌ن

سوپاسالاری روسیا له‌ ئه‌نقه‌ره‌یه‌

K24 – هه‌ولێر

سوپاسالای روسیا ڤالێری گێراسیمۆڤ گه‌یشته‌ ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌ختی توركیا و به‌ رێوه‌رسمێكی ته‌شریفاتی له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای ئه‌و وڵاته‌ جه‌نه‌راڵ هولوسی ئاكار پێشوازی لێكرا.

به‌پێی میدیاكانی توركیا، شه‌ڕی ناوخۆی سوریا و پێكه‌وه‌ كاركردنی سه‌ربازی روسیا و توركیا له‌ سوریا ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌ی فه‌رمانده‌كانی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی هه‌ردوو وڵات ده‌بێت، كه‌ پێشتر پوتین و ئه‌ردۆغان سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی سوریا رێككه‌وتوون.

سه‌ردانی سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای روسیا بۆ توركیا له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ سوپای توركیا به‌ گلوپی سه‌وزی روسیا چووه‌ ناو سنووری رۆژئاوای كوردستان و به‌ ئۆپه‌راسیۆنی به‌ناوی قه‌ڵغانی فورات و به‌ یاوه‌ری گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا نزیك له‌ خۆی چووه‌ ناو شارۆچكه‌ی جه‌رابلوس و نییه‌تی پێشڕه‌وی زیاتری هه‌یه‌.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری روسیا پێشتر رایگه‌یاندبوو سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپا رۆژی 15 ئه‌یلول سه‌ردانی ئه‌نقه‌ره‌ ده‌كات و له‌گه‌ڵ هاوتا توركه‌كه‌ی ره‌وشی ئێستای سوریا تاوتوێ ده‌كات.

پاش خستنه‌ خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌ی سه‌ربازی روسیا له‌ لایه‌ن توركیا له‌ كۆتاییه‌كانی ساڵی 2015، سوپاسالاری روسیا یه‌كه‌م به‌رپرسی باڵابه‌رزی سه‌ربازیی روسیایه‌ سه‌ردانی ئه‌نقه‌ره‌ ده‌كات كه‌ توركیا پاش كوده‌تای سه‌ربازی 15 ته‌موز سیاسه‌تی ناوچه‌یی خۆی گۆڕیوه‌ و بۆ قه‌یرانی سوریا هه‌وڵی هاوبه‌شی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ روسیا ده‌دات، كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كیشی پێشیگرتنه‌ به‌ پێشڕه‌وی هێزه‌كانی كورد له‌ رۆژئاوای كوردستان و باكووری سوریا، كه‌ به‌رپرسانی توركیا به‌ ئاشكرا رایانگه‌یاندووه‌ ‌ ئامانجی ئۆپه‌راسیۆنی قه‌ڵغانی فورات  پێشێگرتنه‌ به‌ چوونی هێزه كوردییه‌كان بۆ رۆژئاوای رووباری فورات بۆ یه‌كگرتنی كوبانێ و عه‌فرین.