بڵاوكراوه‌كانی سوپای عێراق له موسڵ داعش ناچار به بڕیارێك ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
سوپای عێراق، له رێگه‌ی فڕۆكه‌كانی هێزی ئاسمانییه‌وه، نزیكه‌ی 7 ملیۆن بڵاوكراوه‌ی به‌سه‌ر شاری موسڵدا بڵاوكردووه‌ته‌وه و داعش ده‌ڵێت: "هه‌ر كه‌سێك ئه‌و بڵاوكراوانه‌ی به‌ده‌سته‌وه بگیرێت، 20 جه‌ڵده‌ی لێده‌درێت".
بڵاوكراوه‌كه‌ی سوپای عێراق، ئاگاداریه بۆ دانیشتووانی شاری موسڵ و مه‌به‌ست لێی ئاماده‌كارییه‌كانه بۆ راگه‌یاندنی كاتژمێری سفر و ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و شاره.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، تۆنی بلینكن، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا پێشتر رایگه‌یاندبوو، سه‌رقاڵی ئاماده‌كارین بۆ ده‌ستپێكردنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ و تێكشكاندنی یه‌كجاره‌كی داعش، له عێراق.
موسڵ دووه‌م گه‌وره‌ترین پارێزگای عێراقه له رووی دانیشتوانه‌وه و له 10ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2014، داعش په‌لاماری دا و سوپای عێراقیش به‌بێ هیچ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ك شاره‌كه‌ی چۆڵكرد.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، كه مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی "لۆمۆند"ی فه‌ره‌نسی رایگه‌یاندبوو، به‌بێ رێككه‌وتنێكی سیاسی پێشوه‌خته، شه‌ڕی موسڵ نابێت.
