بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی سلێمانی كۆدەبێتەوە
K24 - سلێمانی
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و قایمقام و بەڕێوەبەرانی ئیدارەی سنووری سلێمانی كۆدەبێتەوە و بە گوێرەی زانیارییەكان لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی دەكرێت لەكاتی خۆپێشاندانەكان.
لەو بارەیەوە بەختیار عەبدولرەحمان، قایمقامی سلێمانی بە كوردستان24 گوت: "ئێستا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و بەڕێوەبەرانی ئیدارەی پارێزگای سلێمانی لە کۆبوونەوەدایە، پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و بەڕێوەبەرانی ئیدارەی پارێزگای سلێمانی، جێگری سەرۆكی حكوومەت لەگەڵ قایمقامەکانی سنوورەکە کۆدەبێتەوە".
بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ قایمقام و بەرپرسانی ئەمنی و ئیداری پارێزگای سلێمانی باس لە گرتنەبەری رێوشوێنە ئەمنییەكان دەكرێت لە كاتی ئەنجامدانی خۆپێشاندانەكان، لەو كۆبوونەوەیەشدا شوێنی خۆپێشاندانەكان دیاردەكرێت.
ئەمە لە كاتێكدایە بڕیارە لەبەرامبەر كەمی مووچە و قەیرانی دارایی سبەی خۆپێشاندان لە چەند شارێكی ھەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت، مەترسی ئەوەش ھەیە لەسنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە خۆپێشاندانەكان پشێویان لێ بكەوێتەوە.