ئه‌مریكا بژارده‌ی دیكه به‌رامبه‌ر سوریا ده‌گرێته‌به‌ر
K24 – هه‌ولێر
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا سه‌رقاڵی لێكۆڵینه‌وه‌یه بۆ گرتنه‌به‌ری بژارده‌ی دیكه بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی سوریا.
جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ئه‌نتۆنی بلینكن له كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیسیۆنی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سنێتی ئه‌مریكا رایگه‌یاند: "سه‌رۆك داوا له ته‌واوی دامه‌زراوه‌كان كردووه بژارده‌كانیان بۆ قه‌یرانی سوریا پێشكه‌ش بكه‌ن، هه‌ندێ له بژارده‌كان ناسراون، هه‌ندێكیشیان نوێن، به شێوه‌یه‌كی چالاك لێكۆڵینه‌وه ده‌كه‌ین.
لیداونی جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه له وه‌ڵامی پرسیارێكدا هات سه‌باره‌ت به بژارده‌ی ئه‌مریكا بۆ سوریا چییه، پاش ئه‌وه‌ی كه دیپلۆماسی بۆ كۆتاییهێنان به شه‌ڕی ناوخۆیی شكستی خوارد.
گوتیشی له رۆژانی ئاینده كه بژارده‌كان ده‌خرێنه روو، ئه‌و كات ده‌توانین ورده‌كارییه‌كانی ئاشكرا بكه‌ین.
به‌رپرسانی ئه‌مریكا پێشتر رایانگه‌یاند دژكرده‌وه‌ی توندتر به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی حكومه‌تی ئه‌سه‌د بۆ سه‌ر شاری حه‌له‌ب ده‌گرینه به‌ر، كه به هاوكاری روسیا هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر حه‌له‌ب چڕتر كردووه. ته‌نانه‌ت باسیان له بژارده‌ی سه‌ربازی كردوه كه له نێوان به‌رپرسانی ئه‌مریكا تاوتوێ ده‌كرێت كه هێشتا پێشكه‌ش به ئۆباما نه‌كراوه.