"به‌شداریكردنی ئه‌حمه‌دینه‌ژاد له‌ هه‌ڵبژاردن ئاژاوه‌یه‌"

ئێران رێگری له‌ ئه‌حمه‌دینه‌ژاد ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

سەرۆكی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران دەڵێت، بەشداریكردنی مەحمود ئەحمەدینەژاد لە ھەڵبژاردنەكانی سەرۆككۆماری، ئاژاوەیەكی نوێیە.

ئەحمەد جەننەتی سەرۆكی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران، بەشداریكردنی مەحمود ئەحمەدینەژاد بۆ ھەڵبژاردنەكانی سەرۆككۆماری ئێران بە نانەوەی ئاژاوەیەكی نوێ ناودەبات و دەستخۆشی لە عەلی خامنەیی رێبەری ئێران دەكات بۆ قەدەغەكردنی بەشداری ئەحمەدینەژاد لە ھەڵبژاردنەكاندا.

ھەفتەی رابردوو عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران، بەشداریكردنی ئەحمەدینەژادی لە ھەڵبژاردنەكاندا قەدەخە كرد و ئەحمەدینەژادیش لە نامەیەكدا بۆ عەلی خامنەیی لە خۆكاندیدكردنی بۆ ھەڵبژاردنەكانی سەرۆككۆماری ئێران كشایەوە.

كەمتر لە 8 مانگ ماوە بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەكانی سەرۆككۆماری لە ئێران و ركابەرییەكان لە نێوان رێفۆرمخوازان و بناژۆخوازەكان دەستیپێكردووە.