نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان پێشنیارێك بۆ چه‌كدارانی به‌ره‌ی نوسره‌ی پێشوو ده‌خاته‌ڕوو
پاسه‌وانی بۆ چه‌كدارانی به‌ره‌ی نوسره‌ی ده‌كات
K24 – هه‌ولێر
نێردراوی تایبه‌تی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ سوریا پێشنیاری كرد سه‌ردانی رۆژهه‌ڵاتی شاری حه‌له‌ب بكات و پاسه‌وانی زیاتر له هه‌زار چه‌كداری ئیسلامی بكات بۆ چوونه ده‌ره‌وه‌یان له شار، بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به بۆردومانی روسیا و سوریا بهێنرێت.
ستیفان دی میستو‌را رایگه‌یاند مێژوو سوریا و روسیا دادگایی ده‌كات ئه‌گه‌ر بوونی نزیكه‌ی 900 چه‌كداری به‌ره‌ی نوسره‌ی پێشووی وه‌ك بیانوویه‌كی ئاسان به‌كار بێنن بۆ وێران كردنی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی چه‌كداران كه 275 هه‌زار هاووڵاتی سڤیل له ناوچه‌كانی ئابڵۆقه‌دراو ده‌ژین و 100 هه‌زاریان منداڵن.
دی میستو‌را له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وان له ژنێف وتی بۆ ماوه‌ی زیاتر له دوو مانگه به‌شی رۆژهه‌ڵاتی شاری حه‌له‌ب له‌وانه‌یه به ته‌واوه‌تی وێران كرابێت.
وتیشی به لایه‌نی زۆره‌وه 8 هه‌زار چه‌كدار له رۆژهه‌ڵاتی شاری حه‌له‌ب هه‌ن، پێشتر هه‌ندێ چه‌كدارانی به‌ره‌ی نوسره‌ی پێشووی ناوچه‌كه‌یان به‌جێهشت و ئه‌وانه‌شیان كه ماون له 900 چه‌كدار تێپه‌ڕ ناكات.
نێردراوی تایبه‌تی یۆئێن به‌و چه‌كدارانه‌ی به‌ره‌ی نوسره كه ماون ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر بڕیار رویشتنان به چه‌ك داوه بۆ ئیدلب یان هه‌ر شوێنێكی تر و ده‌تانهه‌وێت بڕۆن، من وه‌ك شه‌خسی خۆم ئاماده‌م بهێم یاوه‌ریتان بكه‌م". هه‌روه‌ها وتی: "ناتوانم زیاتر له شه‌خسی خۆم و گیانم گره‌نتیتان بكه‌م".