گرووپێکی چەکداریی نوێ لە عێراق بە ناوی عەسائیبی جیهاد دامەزرا
ئەمڕۆ شەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2026، گرووپێکی چەکداریی نوێ لە عێراق بە ناوی (مقاوەمەی ئیسلامی - عەسائیبی جیهاد)، لە ڕێگەی راگەیەندراوێکی ڤیدیۆییەوە دامەزراندنی خۆی راگەیاند و ئامادەیی خۆیشی بۆ چوونە ناو دەستەی هەماهەنگیی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی دەربڕی.
لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، ژمارەیەک چەکداری دەمامکدار لە تەنیشت دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا دەردەکەون و لە راگەیەندراوی دامەزراندنی گرووپەکەدا ئاماژە بەوە دەکەن کە هەنگاوەکەیان دوای راوێژکردن و لەپێناو پاراستنی پەیمان و بەڵێنەکانی پێشوویاندا بووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، کارکردنی ئەو گرووپە نوێیە لەسەر سێ بنەمای سەرەکی داڕێژراوە، ئەوانیش بریتین لە جێگیربوون لەسەر رێبازی جیهاد بەبێ لادان یان سازشکردن، خۆتەرخانکردن بۆ مەیدان بە دوور لە سەرقاڵی و دەستکەوتە دونیاییەکان، هەروەها دڵسۆزی بۆ مەزهەب و نیشتمان و وەفاداری بۆ شەهیدان و خانەوادەکانیان.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا (عەسائیبی جیهاد) داوا لەو کەسانە دەکات کە هەمان ئامانج و بۆچوونیان هەیە پەیوەندی بە ریزەکانیانەوە بکەن، جەختیش دەکاتەوە، تێپەڕبوونی کات و ئاڵنگاری و بەرژەوەندییەکان کاریگەرییان لەسەر هەڵوێست و بنەماکانیان نەبووە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا کە مێژووی یەکی جەمادی دووەمی ساڵی 1448ی کۆچی لەسەرە، گرووپەکە بە فەرمی ئامادەیی خۆی بۆ پەیوەندیکردن بە دەستەی هەماهەنگیی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق راگەیاندووە.