عەسایبی ئەهلولحەق: رێگە بە تورکیا نادەین بەشداری لە شەڕی مووسڵ بکات

K24 - ھەولێر

سەرۆکی گرووپی عەسایبی ئەهلولحەق رایگەیاند، رێگە بە سوپای تورکیا نادەن بچێتە نێو مووسڵ.

قەیس خەزعەلی، سەرۆکی میلیشیای عەسایبی ئەهلولحەق، کە بەشێکی سەرەکییە لە حەشدی شەعبی روونیکردەوە، رێگە بە سوپای تورکیا و هێزەکانی سەر بە تورکیا نادەن بەشداری لە شەڕی مووسڵدا بکات.

خەزعەلی جەختیکردەوە، حەشدی شەعبی بەشداری لە شەڕی مووسڵ دەکات و دووپاتیکردەوە، نە ئەردۆغان و نە بنەماڵەی ئەسیل نوجەیفی ناتوانن رێگری لە بەشداریکردنی حەشدی شەعبی لە شەڕی مووسڵ بکەن.

سەرکردەی عەسایبی ئەهلولحەق رایگەیاند، تەواوی هەوڵەکانی تورکیا بۆ دابەشکردنی پارێزگای نەینەوا پووچەڵ دەکەینەوە.