موقته‌دا سه‌در لە دژی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مالیكی داوای خۆپیشاندان ده‌كات
K24 – هه‌ولێر
موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پۆسته‌كانی جێگرانی سه‌رۆك كۆمار ره‌ت ده‌كاته‌وه داوای خۆپیشاندان دژی ئه‌و بڕیاره‌ی دادگا ده‌كات كه رێگه‌ی به گه‌ڕانه‌وه‌ی نوری مالیكی بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆك كۆمار داوه.
موقته‌دا سه‌در له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای باڵای فیدراڵ به چه‌سپاندنی گه‌نده‌ڵی وه‌سف ده‌كات و به‌توندی دژی ده‌وه‌ستێته‌وه و داوای خۆپیشاندانێكی جه‌ماوه‌ری گشتی، نه‌ك سه‌دری و مه‌ده‌نی به‌رامبه‌ر دادگا ده‌كات كه پێویسته پاش مه‌راسیمی عاشوورا برێژنه سه‌ر شه‌قامه‌كان.
به‌یاننامه‌ی سه‌در پاش ئه‌وه‌ی هات كه دادگای باڵای عێراق داوای لەسەركارلادانی ھەر یەك لە ئەیاد عەلاوی و ئوسامە نوجێفی و نوری مالیكی جێگرانی سەرۆك كۆماری عێراقی رەتكردەوە.
دادگای باڵای فیدراڵ به پشت به‌ستن به ماده‌ی 69 ده‌ستوور، بڕیاری به‌رده‌وامبوونی جێگرانی سه‌رۆك كۆمار له‌سه‌ر كاره‌كانیان ده‌ركرد و بڕیاره‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ له‌سه‌ر كار لابردنیان ره‌تكرده‌وه.