عەبادی: داوا لە تورکیا نەکراوە هێزەکانی لە باشیک جێگیر بکات

K24 - ھەولێر

حکوومەتی عێراق جارێکی دیکە رەتیکردەوە هێزەکانی تورکیا بە رەزامەندی ئەوان لە باشیک بن.

لە بەیاننامەیەکی فەرمی حکوومەتی عێراقدا هاتووە: "هیچ رێککەوتنێک یان لێکتێگەیشتنێک، لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە نییە سەبارەت بە بوونی هێزەکانی تورکیا لە نێو خاکی عێراق، نە ئێستا نە لە رابردووش بەغدا داوای لە تورکیا نەکردووە، هێزەکانی بنێرێت بۆ نێو خاکی عێراق".

هەروەها بەیاننامەکە ئاماژەی بۆ داوایەکی عێراق کردووە بۆ مەشقپێکردنی هێزەکانی لە نێو خاکی تورکیا، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە، تانک و چەکی قورس لە نێو خاکەکەیدا جێگیر بکات.

هەر لەو بەیاننامەیەدا هاتووە، هیچ هێزێکی هاوپەیمانان چەکی قورس و تانک و زریپۆشیان لە عێراقدا نییە، ئەمە لە کاتێدا تورکیا ئەندامیش نییە لەو هاوپەیمانێتییە.