به‌رپرسێكی هه‌رێمی كوردستان واده‌ی ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی موسڵ ئاشكرا ده‌كات

به‌ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ 500 هه‌زار ئاواره‌ روو له‌ هه‌رێم ده‌كه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

بەرپرسی پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری موسڵ ئەوەندەی نەماوە و بەمنزیکانە دەست پێدەکات.

فەلاح مستەفا، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی فرانس24, رایگەیاند, هێزی پێشمەرگە ئامادەیە بۆ شەڕی موسڵ کە بەدوا قۆناخی شەڕی داعش لە عێراق دادەنرێت و گوتیشی: "شەڕی موسڵ شەڕێکی ئاسان نابێت، بۆیە زۆر گرنگە هەماهەنگی لەنێوان سەرجەم هێزەکاندا هەبێت".

هەروەها بەرپرسی پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی راگەیاند, گرنگتر له‌ پلانی سەربازی بۆ ئەو شەڕە، پلانی بەڕێوەبردن و ئیدارەکردنی ئەو شارەیە دواى داعش.

لەبارەی ئەگەری هاتنی شەپۆلی نوێی ئاوارەی موسڵ بۆ هەرێمی کوردستان، فەلاح مستەفا گوتی: "هەرێمی کوردستان چاوەڕێ دەکەن لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی موسڵ 500 هەزار ئاوارەی نوێ روو لە ‌هەرێم بکەن".