به‌ ڤیدیۆ...رۆژنامه‌ی گاردیانی بریتانیا، بابه‌تێكی دیكیۆمێنتاری له‌سه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی هه‌رێمی كوردستان بڵاو ده‌كاته‌وه‌

له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌مساڵ، دوو رۆژنامه‌نووسی ناسراوی رۆژنامه‌ی Guardianـی بریتانیا، بۆ ئاماده‌كردنی بابه‌تێكی دیكیۆمێنتاری له‌سه‌ر به‌شداریكردنی هه‌ڵبژارده‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ پاڵه‌وانییه‌تیی كۆنیفای 2016 كه‌ له‌ هه‌رێمی ئه‌بغازیای سه‌ر به‌ وڵاتی رووسیا به‌ڕێوه‌ چوو، سه‌ردانی باشووری كوردستانیان كرد.

ئه‌م دوو رۆژنامه‌نووسه‌ پشتر بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری سه‌ردانی كوردستان24ـیان كرد و له‌گه‌ڵ دیسكی وه‌رزشی ئه‌م كه‌ناڵه‌ كۆبوونه‌وه‌، رۆژانه‌ش زانیارییان له‌سه‌ر وه‌رزشی هه‌رێمی كوردستان و یاریزانانی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی كوردستان كۆده‌كرده‌وه‌.

له‌ كاتی رۆیشتنی هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان به‌ره‌و هه‌رێمی ئه‌بغازیا، ئه‌م دوو رۆژنامه‌نووسه‌ یاوه‌ری شاندی هه‌ڵبژارده‌ی هه‌رێمی كوردستانیان كرد و چاودێرییه‌كی وردی یاریزانان و یارییه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی كوردستانیان له‌ جامی كۆنیفا ده‌كرد، پاشان سه‌رجه‌م زانیارییه‌كان به‌شێوه‌ی دیكیۆمێنتاری بڵاو كرده‌وه‌ و ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی میدیایی گه‌وره‌شی لێ كه‌وته‌وه‌.