گه‌نجێكى ميسرى ته‌نها به‌قسه‌كانى عه‌رشى "سى سى" دهه‌ژه‌ێنێت
ده‌سه‌ڵاتدارانى ميسر له هه‌وڵى سڕينه‌وه‌ى ئه‌م گرته ڤيدۆيه‌دان
K24- هه‌ولێر
گه‌نجێكى ميسرى، به‌هۆى ده‌ربڕينى چه‌ند رسته‌يه‌كه‌وه، تۆڕه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان ده‌هه‌ژێنێت و ده‌سه‌ڵاتدارانى ميسريش ترسيان له‌دووباره‌بوونه‌وه‌ى خۆپيشاندان هه‌يه.
شه‌وى چوارشه‌ممه‌ى رابردوو 12/تشرينى يه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌رى 2016، شوفێرێكى توك توك، له كه‌ناڵى "الحياة"ى ميسرى، زۆر به‌توڕه‌يى و حه‌ماسه‌وه گوتى: "ده‌وڵه‌ت په‌رله‌مان و داموده‌زگاى سه‌ربازى و ئه‌منى له‌ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه هه‌يه له‌گه‌ڵ 20 وه‌زاره‌ت، چۆن ده‌بێت ميسر حاڵى به‌مشێوه‌يه بێت بۆ خوا پێتان ده‌ڵێم، ميسر پێش ئه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكايه‌تى كۆمار ئه‌نجام بدات، برنج و شه‌كر و چه‌ندين شتى ديكه‌ى هاورده‌ى ده‌ره‌وه ده‌كرد، ئێستا تێمان بگه‌يه‌نن چى ده‌گوزه‌رێت، ئه‌مانه بۆ كوێ رۆشتن".
به‌رده‌وام ده‌بێت له‌قسه‌كانى و ده‌ڵى: "كاتێك گه‌لى ميسر سه‌يرى ته‌له‌فزيۆن ده‌كات ميسر وه‌كو ڤيه‌ننا دێته به‌رچاوى، به‌ڵام كاتێك دێته سه‌ر شه‌قام كچى مامى سۆماڵ ده‌بينێت".
گوتيشى: "ئه‌و قه‌يرانه‌ى ئێستا ميسر تێيكه‌وتووه خۆى له سێ لايه‌ن ده‌بينێته‌وه تاوه‌كو ئه‌م سێ لايه‌نه باش نه‌كرێ ميسر هه‌روا ده‌مێنێته‌وه، ئه‌وانيش خوێندن و ته‌ندروستى و كشتوكاڵ".
ئه‌مه پوخته‌ى قسه‌كانى ئه‌م گه‌نجه‌بوو، وايكرد كاردانه‌وه‌يه‌كى زۆرى له‌تۆڕه كۆمه‌ڵاييه‌تييه‌كان به‌دواى خۆي‌دا بهێنێت و به‌خێرايى بڵاو ببێته‌وه.
ده‌زگا ئه‌منييه‌كان له‌ترسى دووباره بوونه‌وه‌ى خۆپيشاندان له‌ميسر، له‌هه‌وڵى سڕينه‌وه‌ى ڤيديۆكه‌دان و داواشيان له‌كه‌ناڵى "الحياة" كرد ئه‌م گرته ڤيديۆيه دووباره نه‌كاته‌وه.
دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى له‌تۆڕه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان، چالاكوانانى ميسر داوا ده‌كه‌ن سه‌ره‌تاى مانگى داهاتوو بۆ ده‌ربڕينى ناڕه‌زاييه‌تى به‌رامبه‌ر ره‌وشى ئابوورى وڵاته‌كه‌يان، خۆپيشاندان ئه‌نجام بده‌ن.