به‌ ئامار بزانه‌ دوای بردنه‌وه‌كه‌ی لیڤه‌رپوول چی روویدا؟

یۆرگن كلۆپ له‌ تێكشكاندی نه‌یاره‌كانی به‌رده‌وامه‌

له‌ گه‌ڕی نۆیه‌می پرێمه‌ر لیگ، یانه‌ی لیڤه‌رپوول له‌ یاریگه‌ی ئانفیڵد میوانداریی یانه‌ی وێست برۆمیچی كرد و یارییه‌كه‌شی به‌ دوو گۆڵ به‌رامبه‌ر تاكه‌ گۆڵێك لێ برده‌وه‌.

گۆڵه‌كانی لیڤه‌رپوول له‌ گێمی یه‌كه‌م له‌ لایه‌ن (سادیۆ مانی و فلیپی كۆتینۆ) تۆمار كران، تاكه‌ گۆڵه‌كه‌ی وێست برۆمیچ له‌ خوله‌كی 82ـی گێمی دووه‌م له‌ لایه‌ن گاریس مكاولی تۆمار كرا.

ئاماره‌كانی یارییه‌كه‌:

ـ لیڤه‌رپوول له‌وه‌ته‌ی كلۆپ راهێنه‌رایه‌تی، زیاتر له‌ 75 گۆڵی تۆمار كردووه‌، 530 ده‌رفه‌تی گۆڵتۆماركردنیشی ره‌خساندووه‌.

ـ وێست برۆمیچ له‌م وه‌رزه‌دا له‌ هه‌موو یانه‌كان زیاتر كه‌ 5 جاره‌ گۆڵی له‌ كۆڕنه‌كان تۆمار كردووه‌.

ـ فلیپ كۆتینهۆ یاریزانی لیڤه‌رپوول له‌ 9 یاری له‌ پرێمه‌ر لیگ، به‌شداری تۆماركردنی 6 گۆڵ كردووه‌، 4 گۆڵی كردووه‌ و 2 ئه‌سیستی هه‌بووه‌.

ـ سه‌یدۆ مانی یاریزانی لیڤه‌رپوول، له‌ گێمی یه‌كه‌م، گۆڵێكی تۆمار كرد، لێدانێكی ئاراسته‌ی گۆڵ كرد، ئه‌سیستێكی كرد و ده‌رفه‌تێكی گۆڵكردنیشی ره‌خساند، به‌ڵام به‌ فیرۆ چوو.

ـ بۆ دووه‌مینجاره‌ له‌م وه‌رزه‌، سادیۆ مانی له‌گه‌ڵ لیڤه‌رپوول له‌ یه‌ك یاریدا، گۆڵتۆمار ده‌كات و گۆڵ دروست ده‌كات.

ـ سادیۆ مانی، له‌ دوایین 18 یاری خۆی، به‌شداری له‌ تۆماركردنی 15 گۆڵ كردووه‌، 12 گۆڵی كردووه‌ و 3 ئه‌سیستیشی هه‌بووه‌.

ـ سادیۆ مانی چواره‌مین گۆڵی به‌ درێسی لیڤه‌رپوول له‌ یاریگه‌ی ئانفیڵد تۆمار كرد.

یانه‌ی لیڤه‌رپوول سوودی له‌ یه‌كسانبوونه‌كه‌ی ئارسێناڵ وه‌رگرت و به‌م سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی خاڵه‌كان گه‌یانده‌ 20 خاڵ و به‌شێوه‌یه‌كی كاتی بۆ خانه‌ی دووه‌م هه‌ڵكشا.