كۆنتی یاریگه‌ی ستامفۆرد بریجی له مۆرینهۆ كرده دۆزه‌خ
بزانه دوای شكسته شه‌رمه‌زارییه‌كه‌ی مۆرینهۆ ئاماره‌كانی چیان تۆمار كرد؟
له گه‌ڕی نۆیه‌می پرێمه‌ر لیگ، خۆزێ مۆرینهۆ، راهێنه‌ری مانچێسته‌ر یونایتد بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چێڵسی گه‌ڕایه‌وه له‌نده‌ن و یاریگه‌ی ستامفۆرد بریج، به‌ڵام دیسان برینه‌كان كولایه‌وه و مێژوویه‌كی دیكه‌ی ره‌شی نووسیه‌وه، كاتێك یارییه‌كه‌ی به 4 گۆڵی بێ‌وڵام دۆراند و چه‌ندان ئاماریش تۆمار كران.
له‌گه‌ڵ فیكه‌ی ده‌ستپێكی یارییه‌كه، پیدرۆ رۆدریگێز، هێرشبه‌ری كه‌ته‌لۆنی تۆڕی دی خیای گۆڵپارێزی مانچێسته‌ر یونایتدی هه‌ژاند، دواتر له خوله‌كی 21 گاری كاهیل گۆڵی دووه‌می زیاد كرد.
له گێمی دووه‌م دوو گۆڵی دیكه‌یش له لایه‌ن (ئیدین هازارد و نگۆڵۆ كانتی) تۆمار كران، له كاتی یارییه‌كه‌ش هانده‌ران گاڵته‌یان به مۆرینهۆ و پۆگبا ده‌كرد و به گۆرانی ده‌یان وت: مۆرینهۆ له به‌یانییه‌كی زوو ئێمه‌ت جێهێشت و خۆت ئاماده بكه سبه‌ی ده‌رده‌كرێیت. به پۆگباشیان ده‌وت پیاوی به فیرۆدانی پاره.
به‌شێك له ریكۆرده‌كانی یارییه‌كه:
ـ پیدرۆ رۆدریگێز، به 30 چركه تۆڕی مانچێسته‌ر یونایتدی هه‌ژاند و خێراترین گۆڵی له میژووی پرێمه‌ر لیگ تۆمار كرد.
ـ هازارد، یاریزانی چێڵسی له دژی مانچێسته‌ر یونایتد، گۆڵێكی كرد، ده‌رفه‌تێكی گۆڵی ره‌خساند، 5 جار یاریزانانی مان یونایتدی بڕی، 4 لێدانی ئاراسته‌ی گۆڵ كرد، 82%ـی پاسه‌كانی دروست بوو.
ـ له‌وه‌ته‌ی یه‌كه‌مین ده‌ركه‌وتنی هازارد له پرێمه‌ر لیگی 2012، هیچ ناوه‌ڕاستكارێكی خولی ئینگلیزی نه‌یتوانیوه هێنده‌ی هازارد گۆڵ تۆمار بكات، ئێستا بووه خاوه‌نی 45 گۆڵ.
ـ مۆرینهۆ له دوایین 28 یاری خۆی له پرێمه‌ر لیگ له‌گه‌ڵ یانه‌كانی چێڵسی و مانچێسته‌ر یونایتد ته‌نیا 9 سه‌ركه‌وتنی تۆمار كردووه.
ـ چێڵسی هه‌شته‌مین یاری له‌سه‌ریه‌كی له دژی مانچێسته‌ر یونایتد ئه‌نجامدا، به‌بێ ئه‌وه‌ی تووشی هیچ شكستێك بێت.
ـ مانچێسته‌ر یونایتد وه‌رزی رابردوو له‌گه‌ڵ ڤان خال له 9 یاری، 19 خاڵی كۆكرده‌وه، به‌ڵام مانچێسته‌ر یونایتد له‌گه‌ڵ مۆرینهۆ له‌م وه‌رزه له كۆی 9 یاری، ته‌نیا خاوه‌نی 14 خاڵه.