شاندێکی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی سەردانی تاران دەکات

مەلا بەختیار سەرۆکایەتی شاندەکە دەکات

K24 - ھەولێر

شاندێکی باڵای باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان كە خۆیان وەك باڵی "زۆرینە" ناساندووە بە سەرۆکایەتی مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە سەردانی تاران دەکات و تاوتوێی بارودۆخی ناوخۆیی یەکێتی و پەیوەندییەکانیان دەکەن.

سەرچاوەیەکی باڵا بە کوردستان24 راگەیاند، کە هەریەک لە سەعدی پیرە و عومەر فەتاح و پاڤێل تاڵەبانی و خەسرەو گوڵ محمەد ئەندامیەتی شاندەکە دەکەن و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێرانی کۆدەبنەوە.

 ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکرد، کە ناوەرۆکی کۆبوونەوەکانیان باسکردن دەبێت لە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی و پەیوەندییەکانی نێوانیان و بارودۆخی باشووری کورردستان.

تا ئیستا لە میدیا فەرمییەکانی یەکێتی هەواڵی ئەو سەردانە بڵاونەکراوەتەوە، هەفتەی رابردووش شاندێکی ئێرانی و قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودس لە سلێمانی بوون و کۆبوونەوەیان لەگەڵ هەردوو باڵەکەی یەکیتی ئەنجامداوە، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

ئەمە لە كاتێكدایە لە ماوەی رابردوودا چەندین ھەوڵی ناوخۆیی و دەرەكی بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی دراوە، بەڵام تا ئێستا ھەوڵەكان بێ ئاكام بوونە.