فه‌رمانده‌یه‌كى پێشمه‌رگه‌ خه‌ونی هاوڕێ شه‌هیده‌كانی به‌دیده‌هێنێت

K24 - هه‌ولێر:

پێشمەرگەیەك ئاڵای كوردستان، لە دوایین سنوورەكانی ھەرێمی كوردستان لە میحوەری باشیك لە گوندی تیسخەراب ھەڵدەكات، ئاماژەش بەوە دەكات بەمە شەڕەفێكی گەورەی بەركەوتووە، چونكە دەمێكە خەون بەوە دەبینێت تەواوی خاكی كوردستان ئازاد بكرێت و ئاڵای كوردستانی لێ ھەڵبكرێت، هاوكات توانیویه‌تی خه‌ونی هاوڕێ شه‌هیده‌كانی بهێنێته‌دی.

موقەدەم عەبدوڵڵا گوانی، جێگری فەرماندەی ھێزی باڵەك، ئەمڕۆ لە گوندی تیسخەراب ئاڵای كوردستانی ھەڵكردووە، ناوبراو بە ماڵپەڕی كوردستان24 ی گوت: "ئەو ناوچەیە چەند رۆژێك لەمەوبەر بە خوێنی چەندین شەھید ئازاد كرا، پێشمەرگە جێگیركراوە و ھەرگیز رێگە نادەین جارێكی دیكە دوژمن بێتە ناو بستێك خاكی كوردستان".

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە گوتیشی: "دەمێك بوو خەونم بەوە دەبینی گشت سنوورەكانی كوردستان ئازاد بكرێنەوە و ھەمووی بكەوێتە ژێر كۆنتڕۆڵی پێشمەرگە، سوپاس بۆ خوا تەواوی سنوورەكان لە ژێر كۆنترۆڵی پێشمەرگەن و بە خوێن ئەو ناوچانەمان وەرگرتوونەتەوە".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "خەونی لەمێژینەم ھاتەدی و ئاڵای كوردستانم لە دوایین سنووری ھەرێمی كوردستان بەرز كردۆتەوە و بە ھەموو توانایەكیشمان بەرگری دەكەین بۆ ئەوەی ئەو ئاڵایە ھەر شەكاوە بێت".

موقەددەم عەبدوڵڵا گوانی، جەختیكردەوە, پێشمەرگە ھەموو توانایەكی خستووەتەگەڕ بۆ بەرگری كردن لە خاكی كوردستان و پێویستە ھەموو ھێز و لایەنە سیاسییەكانیش لە ناوخۆ ئاشت و كۆك بن، بۆ ئەوەی دەستكەوتەكانی پێشمەرگە پارێزراو بن و بەو شێوەیەش لە ئایندەیەكی نزیكدا خەونی لەمێژینەی كورد، كە سەربەخۆیی كوردستان و دەوڵەتی كوردییە، بێتەدی.

گوندی تیسخەراب دەكەوێتە نێوان چیای زەرتك و باشیك، بە دوایین سنووری ھەرێمی كوردستان دادەندرێت، چەند رۆژێك لەمەوبەر لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی موسڵ، ھێزەكانی پێشمەرگە گوندەكەیان ئازاد كرد و ژمارەیەك پێشمەرگەش لە گوندەكە شەھید بوون، بەو پێیەی داعش نەیدەویست گوندەكە چۆڵبكات. بەڵام ئێستا بە تەواوی پاككراوەتەوە و ھێزەكانی پێشمەرگە جێگیر كراون.

فه‌رمانده‌یه‌كى پێشمه‌رگه‌ خه‌ونی هاوڕێ شه‌هیده‌كانی به‌دیده‌هێنێت
فه‌رمانده‌یه‌كى پێشمه‌رگه‌ خه‌ونی هاوڕێ شه‌هیده‌كانی به‌دیده‌هێنێت