مه‌لا به‌ختيار په‌يامێكى نوێى ئاراسته‌ى گۆڕان كرد

رێكەوتنی یەكێتی‌ و گۆڕان لەسەر جێگۆڕكێ بە پارێزگارەكانی سلێمانی‌ و هەڵەبجە، كەوتووه‌تە تەنگەبەری یاساییەوە!

K24 – هه‌ولێر:

له‌ ژێر ناونيشانى (تیرۆری هزر و رەخنە وهەڵەكان) به‌رپرسى ده‌سته‌ى كارگێڕى مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى وتارێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێيدا، جه‌خت له‌سه‌ر هه‌ڵه‌بوونى كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان ده‌كاته‌وه.

له‌ سه‌ره‌تاى وتاره‌كه‌يدا مه‌لا به‌ختيار راى وايه‌ ئه‌و هێرشه‌ى ميدياى گۆڕان كردوويه‌تييه‌ سه‌رى، جۆرێكه‌ له‌ تيرۆرى هزى و له‌و باره‌يه‌وه‌ نووسيويه‌تى: جیاوازی تیرۆری جەستە، لەگەڵ تیرۆری هزر، لەوەدایە، تیرۆری هزر، لەناو هاوكێشە سیاسیەكان ‌و هەژمونی سیاسی لایەك، دژی هزری بیروڕای ئازاد، مەترسی زیاترە. چونكە مەترسی زەوتكردنی ئازادی، زۆرتر لەمەترسی تیرۆری هزردایە.

مه‌لا به‌ختيار به‌ بێ ئه‌وه‌ى ناوى گۆڕان بهێنێت ره‌خنه‌ى له‌و لايه‌نه‌ گرتووه‌ و نووسيويه‌تى: هەر هێزێكی سیاسیش، رەخنە لە هەڵەكانی خۆی نەگرێ ‌‌و رەخنە نەسەلمێنێ‌، ئیتر بە چ مافێكی سیاسی ‌و یاسایی، بەردەوام سەرگەرمی رەخنەلێگرتنی دەسەڵات‌ و سەرجەم لایەنە سیاسیەكانە؟!

سه‌باره‌ت به‌ په‌يوه‌ندى نێوان يه‌كێتى و گۆڕان مه‌لا به‌ختيار رايگه‌ياندووه‌، نێوان یەكێتی‌ و پارتی، وەكو جاران نەماوە و تەواوی دامودەزگاكانی پارێزگای سلێمانیش، پەكیان كەوتووە.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: رێكەوتنی یەكێتی‌ و گۆڕان لەسەر جێگۆڕكێ بە پارێزگارەكانی سلێمانی‌ و هەڵەبجە، كەوتووه‌تە تەنگەبەری یاساییەوە!

به‌رپرسى ده‌سته‌ى كارگێڕى مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى له‌و بڕوايه‌دايه‌، له‌ كوردستان پارسه‌نگى هێز له‌ هه‌موو شتێك گرنگتره‌ و ده‌ڵێت: رووداوەكان دەریانخستووە، یەكێتی‌ و پارتی پارسەنگی پاراستنی دۆخی سیاسی، یاسایی، ئاسایش ‌و بەڕێوبردنی وڵاتەكەن... تەنانەت ئەم پارسەنگە پەیوەندی بەژمارەی كورسی ناو پەرلەمانیشەوە نیە. چونكە ئێمە لەكوردستانێكدا ناژین نەریتی دیموكراسی ‌و دەستاودەستكردنی دەسەڵاتی تێدا بێت. لەوڵاتێكدا ناژین، پاشماوەكانی شەڕی ناوخۆو دەستكێشەكانی دەوروبەرمان، كۆتایی پێهێنرابێ‌. تەنانەت هۆشیاری دیموكراسیش لەو ئاستەدا نییە، هەتا ستراتیژی سیاسی مەدەنی نوێی بۆ دابڕێژرێت. وردتریش بڵێین: دۆخی ئێستای كوردستانیش پەیوەندی بەهاوسەنگیی هێزەوە هەیە. هێز لەم وڵاتانەی ئێمە، زۆر زۆر گرنگە.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى وتاره‌كه‌شيدا مه‌لا به‌ختيار نووسيويه‌تى: ئێستاش دەزانین ناكۆكیەكان، لەگرێژنە دەرچوون. بەداخەوە ئاسۆی چارەسەریش هێشتا ساماڵ نیە. بەڵام  چۆنیەتی چارەسەركردنی ئەم كێشانەش، نابێ‌ تەنها لەسیاسەتی راگەیاندنی لیبڕال‌ و تیرۆری هزری ئەم‌و ئەوەوە، رەچاو بكرێت‌و بەس. ئەم جۆرە سیاسەتە، تەنها بۆ دەرونی شەكەت، ئاسودەبەخشێكی كەمخایەنە. سەرەنجام، زەرەری گەورە لە چارەسەری ستراتیژیی دەدات.

له‌ كۆتايى وتاره‌كه‌شيدا مه‌لا به‌ختيار پاكانه‌ى بۆ گۆڕان كردووه‌ و تێيدا په‌شيمان نه‌بوونه‌وه‌ى خۆى له‌ رێككه‌وتنى گۆڕان و يه‌كێتى ده‌ربڕيوه‌.

له‌و باره‌يه‌وه‌ نووسيويه‌تى: كەم نین ئەوانەی لەناو یەكێتی‌و گۆڕان، لەرێكەوتنی گۆڕان‌و یەكێتی، پاشگەزبونەتەوە. من یەكێكم لەوانەی ئەو تێبینیانەی لەسەر رێكەوتنەكە هەمبون، لاموایە راست دەرچوون. بەڵام هەرگیز لە رێكەوتنی نێوان یەكێتی‌و گۆڕان، پەشیمان نیم.