حزبى شيوعى ده‌يه‌وێت به‌ره‌ى چه‌پ له كوردستان رابگه‌يه‌نێت
ته‌نيا 4 ژن به كۆتا هه‌ڵبژێردران
K24 – هه‌ولێر:
حزبى شيوعى به هه‌ڵبژاردنى سكرتێرێكى نوێ و ئه‌ندامانى كۆميته‌ى ناوه‌ندى كۆتايى به كۆنگره سێ رۆژييهكهى هێنا كه له هه‌ولێر ئه‌نجامدرا و له ناو ئه‌ندامانى كۆميته‌ى ناوه‌نديدا به كۆتا ته‌نيا 3 ژن هه‌ڵبژێردران و كۆنگره‌كه‌ش بڕياريداوه، حزبه‌كه‌يان كار بۆ يه‌كخستنى چه‌په‌كان و درووستكردنى به‌ره‌يه‌كى چه‌پ بكات.
206 ئه‌ندام به‌شدارييان له شه‌شه‌م كۆنگره‌ى حزبى شيوعى كوردستان كرد.
له‌و ژماره‌يه، 23 ئه‌ندام وه‌ك ئه‌ندامى كۆميته‌ى ناوه‌ندى هه‌ڵبژێردراوون، كه ته‌نيا چواريان ژنن و دوانيان گه‌نجن و به كۆتا ده‌رچوونه.
ئه‌ندامانى نوێى كۆميته‌ى ناوه‌ندى شه‌ش ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سياسى و سكرتێرى نوێى حزبى شيوعييان هه‌ڵبژارد، كه ته‌نيا 3 ئه‌نداميان نوێن و يه‌كێكيشيان وه‌ك جێگرى سكرتێرى حزبه‌كه ده‌ستبه‌كار ده‌بێت.
بابا عه‌لى جه‌بارى وه‌ك جێگر و كاوه مه‌حمود وه‌ك سكرتێرى نوێى حزبى شيوعى ده‌ستبه‌كار بوون.
له‌و باره‌يه‌وه زيره‌ك كه‌مال، ئه‌ندامى پێشووى مه‌كته‌بى سياسى حزبى شيوعى كه له‌م كۆنگره‌يه‌دا، خۆى بۆ ئه‌و پۆسته كانديد نه‌كردووه‌ته‌وه، تايبه‌ت به كوردستان 24 رايگه‌ياند، له كۆنگرهكهياندا 3 كاتژمێر پرسى كاديره دابڕاوه‌كانى شيوعى تاوتوێكراوه و كۆميته‌ى ناوه‌ندى راسپێردراوه له‌گه‌ڵ ئه‌و كاديرانه گفتوگۆ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێنه‌وه ناو ريزه‌كانى حزب، كه ئه‌وانيش به هۆكارى جياجيا له حزب دابڕاوون.
سه‌باره‌ت به ره‌وشى سياسى زيره‌ك كه‌مال گوتى: له كۆنگره‌دا راپۆرتى سياسى كۆميته‌ى پێشووى حزبى شيوعى تاوتوێكرا و وه‌ك راپۆرتى كۆنگره په‌سندكرا.
روونيشيكرده‌وه, كۆنگره جه‌ختى له‌سه‌ر يهكڕيزى ناوماڵى كورد و بنياتنانى سيستمى په‌رله‌مانى و يه‌كخستنى هێزى پێشمه‌رگه كردووه‌ته‌وه.
ئاشكراشيكرد، درووستكردنى به‌ره‌يه‌كى چه‌پ له هه‌رێمى كوردستاندا بووه‌ته بڕيارى كۆنگره و كۆميته‌ى ناوه‌ندى نوێى حزب كارى له‌سه‌ر ده‌كات و يه‌كێك له راسپارده و بڕياره‌كانى كۆنگره‌يه و حزبى شيوعى به جدى كار بۆ ئه‌وه ده‌كات، سه‌رجه‌م لايه‌نه چه‌په‌كان له ژێر چه‌ترێكدا كۆبكاته‌وه.