بڕوانامەی ئەم كۆلێژە باوەڕپێكراو نییە

 K24 - ھەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەڵێ: "کۆلێژى کتابى زانكۆیى لە شارۆچکەى پردێ باوەڕپێکراو نیە و، وەزارەت بەهیچ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ بڕوانامەى دەرچوانى ئەو کۆلێژە زانکۆیە ناکات".

عەباس ئەکرەم دزەیى گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند: "ئاگادارى سەرجەم ئەو خوازیارانە دەکەین، کە دەیانەوێ لە كۆلێژى كتابى زانکۆیى لە شارۆچکەى پردێ بخوێنن، دوپاتیدەکەینەوە کە ئەم کۆلێژە زانکۆییە لەلایەن  وەزارەتەکەمان باوەڕپێکراو نیە و، بەهیچ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ بڕوانامەى ئەم کۆلێژە زانکۆییە ناکات، چونکە شێوازی دەوامكردن بەگوێرەی پێویست و پێوەرى زانستى و کارگێڕى نییە، لەگەڵ ئەوەشدا، پێوەری وەرگرتن زۆر نزمترە، بەراورد لەگەڵ پێوەری وەرگرتن لە زانكۆ تایبەتیەكانی هەرێمی کوردستان".

روونیكردوەتەوە: "ئەوانەى ئێستا لە كۆلێژى كتابى زانکۆیى دەخوێنن کاتى خۆیان بەفیڕۆ دەدەن و پارەکەشیان بەهەدەر دەچێت، بۆیە داوا لەو کەسانەش دەکەین، کە دەیانەوێ لەو کولێژە زانکۆییە بخوێنن با ئەوانیش هاوشێوەى ئەوانەى ئێستا لەوێ دەخوێنن پارەو کاتى خۆیان بەفیڕۆ نەدەن".