ئەم دەزگایە لە سلێمانی بایكۆتی شكاند

K24 – ھەولێر

سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ بڕیاریانداوە ھەفتەی داھاتوو فەرمانبەرانی زانكۆ دەست بە دەوام بكەنەوە.

ماڵپەڕی فەرمی سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی رایگەیاند: "بەسەرۆکایەتی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر رەزا حەسەن سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بە وەکالەت ئەمڕۆ2/11، ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی لە سەرۆکایەتی زانکۆ کۆبوونەوە، دەربارەی دەوامی فەرمانبەرانیش ئەنجوومەنی زانکۆ بەکۆی دەنگ بڕیاریاندا کە لەهەفتەی داهاتووەوە فەرمانبەران بەپێی خشتە کۆنەکە دەوامی ئاسایی خۆیان بکەن".

زانكۆی سلێمانی راشیگەیاندووە: "لە کۆبوونەوەکەدا سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ بەگرنگیان زانی کە هوڵبدرێت بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لە زانکۆی سلێمانی سەرەڕای سووربوون لەسەر داخوازییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانەی کە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کردبوو، بەڵام بە گرنگیشی دەزانن کە خوێندنی خوێندکاران دوا نەکەوێت".

لەسەرەتایی دەسپێكردنەوەی دەوامی خوێندنی ئەمساڵ مامۆستا و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی ھاوكات لەگەڵ مامۆستا و فەرمانبەرانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە و فەرمانبەرانی دامودەزگاكانی دیكە، بایكۆتیان راگەیاند و تا ئێستا وەرزی خوێندنی ئەمساڵ لە سلێمانی دەستی پێنەكردووە.