مووچەی مامۆستایان زیاد دەكرێت
K24 – ھەولێر
لە راگەیاندراوێكدا وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، بڕیاریاندا مانگانە 100 ھەزاردینار بۆ مامۆستایانی ناوشار و 150 ھەرزاردینار بۆ مامۆستایانی دەرەوەی شار زیاد بكرێت.
لە راگەیاندراوەكەی وەزارەتی پەروەردەدا ھاتووە: "لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری پڕۆسەی پەروەردە لە ھەرێمی کوردستان، زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە ڕابردوو بە سەرپەرشتی سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامدرا و دوا کۆبوونەوەش ئەمڕۆ 26/11/2016، بە سەرپەرشتی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزارەتی پەروەردە و بریکاری وەزارەتی دارایی بە وەکالەت و سەرۆک و جێگرانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێم و یەکێتی مامۆستایان ئەنجامدراو تیایدا بڕیا درا: "مانگانە بڕی 100 ھەزار دینار بۆ مامۆستایانی نێو شار و بڕی 150 ھەزار دینار بۆ ئەو مامۆستایانەی ھاتوچۆی دەرەوەی شار دەکەن تەرخان دەکرێت کە لە لایەن وەزارەتی دارایی و بە پاڵپشتی پێشنیار و دەستپێشخەرییەکانی پلە باڵاکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەنجومەنی ئاسایش و رێکخراوە بیانییەکان و ھەموو ئەو لایەنانەی ئامادەییان بۆ ئەم مەبەستە دەربڕیوە، وەک پاڵپشتی دارایی بۆ مامۆستایانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێم دابین دەکرێت".
لەو راگەیاندراوەدا ئاماژە بەوەدراوە: "حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەڵێنی بەردەوامیدان بە ھەوڵەکانی بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی مووچە خۆران لە کاتی خۆی دەدات و پاش جێبەجێکردنی پڕۆسەی تۆمارکردنی مووچە خۆران لە سیستمی بایۆمەتری ئەلیکترۆنیدا پاشەکەوتەکانیان دەخرێتە سەر حیسابی تایبەتی خۆیان وەک رەسید".
وەزارەتی پەروەردە دەشڵێت: "بۆیە داوا لە بەڕێوەبەران و مامۆستایانی خۆشەویست دەکەین کە بچنەوە ھۆڵەکانی خوێندن و ڕێگە نەدەن زیاتر لە 700 ھەزار منداڵ و قوتابی و خوێندکار لە سنوورەکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین لە خوێندن بێبەش بن، چونکە لە 1/12/2016 بە دواوە مەترسی گەورە لەسەر پڕۆسەی خوێندن لەو ناوچانە دروست دەبێت کە بە ھیچ شێوەیەک قەرەبوو ناکرێتەوە".